نووسین: دکتور میکاییل سانیار لە دوکانێک لەگەڵ کاک سلێمان سیمابی و برادەرێک بەنێوی تاهیر خەڵکی گوندی حەمامیان دانیشتبووین و قسەمان دەکرد کە پیاوێکی بەڕواڵەت تێکچوو هاتەژوورەوە و دوای چاک و چۆنی و چەن پرسیارێک لە خاوەن دوکانەکە، چەن قسەی خۆش و شێعری گووت. دیاربوو ئەو پیاوە بەسەرهاتێکی زۆری لەسەر ژیان و خۆشی و ئازارەکانی لە […]

نووسین: دکتور میکاییل سانیار

لە دوکانێک لەگەڵ کاک سلێمان سیمابی و برادەرێک بەنێوی تاهیر خەڵکی گوندی حەمامیان دانیشتبووین و قسەمان دەکرد کە پیاوێکی بەڕواڵەت تێکچوو هاتەژوورەوە و دوای چاک و چۆنی و چەن پرسیارێک لە خاوەن دوکانەکە، چەن قسەی خۆش و شێعری گووت. دیاربوو ئەو پیاوە بەسەرهاتێکی زۆری لەسەر ژیان و خۆشی و ئازارەکانی لە سینگ دابوو. زیاترمان دواند و ئەویش چەن بەسەرهاتێکی خۆش و تاڵی ژیانی خۆی بۆ گێڕاینەوە و هەروەها چەن شێعرێکی فولکلوری بۆ خوێندینەوە کە دەیگووت خۆی نووسیوێتی.

لێرە نامهەوێ باسی فۆلکلۆر بە شێوەیەکی زانستی بکەم، بەڵکوو مەبەستم لەو چەند دێڕەی سەرەوە ئەوەیە کە سرنجی خوێنەر بەرەو ئەو هەموو داستان و مەتەڵ و ئەدەبیاتی زارەکی و خۆبێژییە کوردیە ڕابکێشم کە لەنێو دڵی خەڵکی ئێمە ئارامی گرتووە و بەڵام بە هۆی ئەوەی کە زیاتر زارەکییە و نەنووسراونەتەوە، مەترسی لەنێوچوونیان هەیە.
کاک “عەلی گوڵەندامی” (عەلی قەرە) لەدایکبووی ساڵی ۱۳۴۸ی هەتاوی لە گوندی “قەرە”ی سەر بە شاری سایین قەڵایە. وەک خۆی دەڵێ نزیک بە ۳۰ ساڵە شوانە و خەم و ئازارێکی زۆری چێشتووە. لەو یەک کاتژمێرەی کە کاک عەلی لە لامان بوو، چەن شێعر و چیرۆکی خۆشی بۆ خوێندینەوە و هەرچەن شێعرەکانی لە بەعەزە جێگایەک وەزنی دەشکاند، بەڵام پڕبوون لە بەسەرهات و دەرد و خەم و دڵداری و خۆشەویستی. دیارە کە ئەوجۆرە شێعرانە لەنێو “تەرانە”دا دەستەبەندی دەکردرێن و ئەدەبناسان ڕەخنەی ئەوتۆیان سەبارەت بە تێکشکانی وەزنی شێعر لە تەرانەدا نییە.
هەروەک ئاماژەم پێدا بەشێکی زۆر لە ئەدەبیاتی فۆلکلۆر باس لە ئەوین و دڵداری دەکا و لەنێو ئەدەبیاتی فولکلۆر و تەرانەی کوردیشدا ئەو چەمکە بەرچاوە. بۆ وێنە زۆر خۆبێژمان هەبووە و هەیە کە بە دیتنی دۆخێک یان شتێک یان تێکەڵاوبوون بە عەشقێک، لەپڕدا شێعریان بۆ دێ و دەیکەن بە گۆرانی و قام. “بەند”بێژەکان کە دەیان قافیە ڕیز دەکەن و دەیکەن بە قام و گۆرانی لەو دەستەیەدا جێدەگرن.
“عەلی قەرە” یەکێک لەو کەسانەیە کە بێ سەوادە و نەناسراوە و ژیانی خۆی و بشێوی و شێوای حاڵ و خۆشی و ناخۆشییەکانی دەکاتە “بەند” و شێعر و قام. تەنانەت “غەزەل”یشم لێ بیست.
لە خوارەوە چەن شێعرێک لە کاک عەلی گوڵەندامی کە زەبتم کرد و پاشان دامڕشتەوە دەبینن:
“بێزارم لەم ژینە تاڵە، لەم شارەدا میری خەمم
غەیری شێعری فرمێسکاوم هیچێ نەماوە بەرهەمم
لە ژێر ڕەژنەی بارانی خەم پەنا بۆ شێعرەکەم ئەبەم
بۆ ساڕێژی زامی دەروون چیرۆکی عەشقە مەرهەمم
جەژنی قوربانە وەک ئەڵێن چ جەژنێکی خوێناوییە
منم قوربانی عەشقی تۆ، پەروانەی سەر گەردی شەمم
قەتیس مایەو ئەشکی شەوقم کاتێ کە باری یادی یار
گەردەلوولی نووحە ئەڵێن، من خەڵکی دەریام و چەمم
دەنگی دەهۆڵە دێتە گوێم هەڵپەڕکێیە لە ماڵی دڵ
دەنگی هەنگاوی دولبەرە لە ئەندێشەم خاترجەمم
لە خانەقای ئەشقی دڵدار تەنها منم شەو بیدارم
وەکوو سۆفی گۆشەنشین ئامانجی تیری ماتەمم
گەر پرسییان لە حاڵی من، ناوم “عەلی گوڵەندامی”
خەڵکی گوندی “قەرەم” بەڵام، ڕۆڵەی پەژارەم، پڕ تەمم”.
کاک عەلی گێڕایەوە: “ڕۆژێک لە پرسانە بووم، لە هاتنەدەر لە مزگەوتا ژنێک داوای کرد لێم تا ماڵ بیگەیێنمۆ. سوارم کرد و کە گەیشتینە بەر ماڵ، فەرمووی لێکردم و چووینە ژوورۆ. کاتێ چووینە ناو ماڵ دیتم کەچێکی زۆر جوان و لەبار لە ناو ماڵەکە لەسەر پێپلیکانێک هەڵتروشکابوو ، هەر کە دیتم دڵم ڕمیا. کچەکە سەیزا فاتمی ناو بوو و شاڵێکی سەوزی لە پشتیوێن کردبوو و پاپووزی بەدیارەوە بوو. سپی و ناسک و پاوانەیەکی تێکردبوو و دوو موورووی شینیشی پێ هەڵاواسیبوو. چاوی کە بە من کەفت لە دایکی پرسی ئەمە کێیە؟ دایکیشی وتی ئەمە هەمان کاعەلییە کە لە فڵان شایی شێعر و گۆرانی دەوت. کچەکە هەر ئەمەی بیست داوای کرد لێم ئادەی کاکە شێعرێکم بۆ بڵێ. ئەمنیش یەکڕا ئاوا ئەو شێعرەم بە سەر زارا هات و خۆبێژانە بۆم وت:

“شینی زۆرم کرد بۆ زۆر کەس گریام
هەروەک ئاوی یەخ خۆم بۆ خۆم تاویام
بۆ زۆر کەس گریام کەس نەگریا بۆم
قەسەمم خواردە چیتر خەم نەخۆم
خەم خواردنم هیچ ئومێدی نییە
دنیا بێ وەعــدە بەقای خۆ نییـە
خەفەتەکانم گشتـی خەیاڵە
گشتان ئەزانن خەیاڵ بەتاڵە
هیچ ئومێدێکم بە ژین نەماوە
هاکە لەم دنیا کردم ماڵاوە
پێش ماڵئاوایی لە دڵەوە ماتم
هاتیمە بۆ شاڵ سەیزااا فاتم
تۆسکێ ما شێت بم دانیشتمە لای
ئەو ناویە خەنە سەرپەنجەکان پای
زەنگیانەی ئاوی کردووە مل پووزە
یاقووت خەجاڵەت، لەعل و فیروزە
زەنگیانە و پووزە لە یەکا ڕەنگیان
لە دەور قولاپەی مانگ و ڕۆژ کێشیان
دڵم بوو بە ئاو هەر کە تۆم بینی
وەک بووکەشووشە هی وڵات چینی
ئەی بۆ ناپرسی من بۆچی هاتم
ئەحتیاج بە شاڵم پابووسەی پاتم
تۆ خوا بترسە لە خوای بانە سەر
بێ ڕوحمیەی تۆ لە حەددە وەسەر
بووەتا بووە دەست لە باڵای دەست
بترسە لە ئاهم خۆ خوایەکم هەس
ئەگەر مەیلو بێ چکێ بمدوێنە
ئەرێش بێ مەیلی ئەڕۆم لەم شوێنە….”

عەلی قەرە بە پێکەنینەوە بۆی گێڕاینەوە کە لە شایییەک لە “کولیجە” میوان دەبێ و دەچێتە لای گۆرانیبێژەکان و داوای میکڕۆفۆنیان لێدەکا تا گۆرانییەک بڵێ. گووتی بەندێکم بۆ گووتن کە خەڵک زۆریان پێخۆش بوو. ئەوجۆرەیکە باسی کرد شێعرەکەشی هی خۆی بووە و بەسەرهاتی هەیە. بەڵام بۆی باس نەکردین کە چی لە پشتی ئەو چیرۆکەدایە:
“سەت خۆزگەم بێ بە ئەمساڵ نەک وەک ساڵی پارەکە
یارم پشتوێنی کڕی پێنج میتر و یەک چارەکە
وتی کراسم کڕی وتم دەگ مەبارەکە
وتی: “عەلی” زۆر جوانە تەماشای ئەم کارە کە هەتیو لەبەرم کردووە چاو لە لەنجەولارم کە تەماشای قەدو باڵای ڕێکی وەک منارم کە تەماشای گەردنی سافی هەروەکوو بزمارم کە تەماشای ئەبرۆی کاڵی ئەویش تاتۆکارم کە تەماشای لێوی ناسکی فەقەت ماتیککارم کە تەماشای پەلکەی ڕەشی ڕەشی وەک ڕەشمارم کە
تەماشای چاوی کاڵی وەک دیدەی خومارم کە تەماشای لەنجەو لاری ڕەخسینی شەوگارم کە
تەماشای گەرد و تەمی دڵی شێت و هارم کە
تەماشای حاڵی نەزا و بێ ئۆقرە و بێزارم کە
بۆچی ناپرسی لە من، دەی وەرە ڕزگارم کە

وتم: ئەی یاری ئازیز، دەی کەم دەردەدارم کە
تەماشای دەرد و داخ و لێوی پڕ بەبارم کە
دەمێکە های دوور لە من با تێر چاو بنمە چاوت
بێکەس مایەم لە دنیا، چاری بێقەرارم کە

وتی: لەعنەت لە دووری ساڕێژی زامارم کە
هەتیو بمگرە لە باوەش چاری دڵی زارم کە
دەستم نایە گەردنی ئەدوت وەک ڕادارێکە دەمم نایە ناودەمی ئەدوت ئاو هەنارێکە
دەمم گواستەوە کوڵمەی ئەدوت سێوی دارێکە
وتی: بە دڵ بمکوژە بۆ پیاو هەڵکەوت جارێکە!”

دیارە کاک عەلی زۆر بەسەرهات و چیرۆکی و شێعری دیکەی بۆ خوێندینەوە کە چیتر مەجالی باسکردنیان نییە.
وەکو کۆتا قسە پێویسته ئاماژەی دووپاتە بەو خاڵە بکەم کە ئەدەبیاتی زارەکی و فۆلکلۆر بەشێکی گرینگن لە مێژووی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی هەر وڵات و نەتەوەیەک. لە کوردەواری خۆماندا کە چەن زاراوەی ڕەسەنی کوردی و چەندین بن زاراوە وەک ئەستێرە بەسەر ئاسمانی زمان و ئەدەبیاتی وڵاتەکەماندا دەگەشێنەوە، پێویستە گرینگی زیاتر بەو بەشە کەلتوورییە بدرێ. لە کوردستان لە هەرشار و گوندێک کە تێدەپەڕی، دەیان و سەدان وشەی ڕەسەنی ئەو ناوچەیە دەبینی. بۆ وێنە بن زاراوەی قسەپێکردنی خەلک و گوندەکانی سایین قەڵا جیاوزی لەگەڵ بۆکان و موکریان هەیە. بۆ وێنە لە بەیت و شێعرەکانی عەلی قەرەدا ئەو جیاوازییە جوانەمان بۆ دەردەکەوێ. ئەوەش بۆتە هۆی دەوڵەمەندی زیاتری زمانی کوردی.

دسته بندی: فرهنگ و هنر برچسب ها:

به اشتراک بگذارید :

مطلب قبل و بعد
مطالب مشابه

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد