محمد رشید افخمی   هاوکار خڕە پیاوێکی سەرماش و برنجی بوو قسە خۆش و دەم بە پێ کەنین لە هەموو وەرزەکانی ساڵ‌دا جل و بەرگی کوردی لەبەر دەکرد . ماوەیەک بوو زانکۆی تەواو کردبوو. بە هۆی نەبوونی کار کتێب فرۆشی دانابوو دووکانەکەی لە شەقامی چارەنووس گوزەری چوار پۆینت پازدە هەڵکەوتبوو. هەموو جارێک دەیکوت: خەڵکی ئەم […]

محمد رشید افخمی

 

هاوکار خڕە پیاوێکی سەرماش و برنجی بوو قسە خۆش و دەم بە پێ کەنین لە هەموو وەرزەکانی ساڵ‌دا جل و بەرگی کوردی لەبەر دەکرد . ماوەیەک بوو زانکۆی تەواو کردبوو. بە هۆی نەبوونی کار کتێب فرۆشی دانابوو دووکانەکەی لە شەقامی چارەنووس گوزەری چوار پۆینت پازدە هەڵکەوتبوو. هەموو جارێک دەیکوت: خەڵکی ئەم گوزەرەم خۆش دەوێ بەڵام نەفرەتم ،لە تابڵۆی ئەم شە قام و گوزەرەیە ! خەڵکانێکی زۆر هاتوو چۆی دووکانە کەیان دەکرد زۆربەی ئەو کتێبانەی لەژێر چاپ دەهاتنە دەرێ، دەینخوێندنەوە. کورتەیەکی بۆ کڕیارەکان باس دەکرد. کتێب‌فزۆشیەکەی بێستانێکی ڕازاوەبوو فەلسەفە تەرزی فڕێ دا بوو و دەیان مەکتەبی لێ بوو، کتێبە مێژوویەکان هێندەیان زوڵم و زۆر لە خۆیان‌دا حەشار دابوو، زووخاو لە دڵیان دەتکا. پەڕتووکە ئەدەبیەکان بۆنی گوڵەباخ و شەوبۆیان ئاوێتەی دووکانە کەی دەکرد.
هاوکار ماوەیەکی زۆر سەرقاڵی درووست کردنی خانووبەرەبوو. لە ئەو ماوەیەدا بێستان و گوڵستانەکەی بێ‌ناز کەوتبوون.
قۆڵی هەڵماڵی ئەو تەپ و تۆزەی لە ئەو ماوەیەدا لە سەریان نیشتبوو، تەکاندی ڕێکوپێکی کردن و لە جێگای خۆیانی دادەنانەوە.
چەند کتێبێک کەوتبوونە خوارەوە، لە بەینی دیوارەکە و کتێبەکانی‌تر دا گیریان کردبوو. زۆر شپرزە ببوون، دەری هێنان، لاپەڕەکانیانی خستەوە جێگای خۆی. یەکێک لە ئەو کتیبانە نێوی سۆهراب بوو. بە خەتێکی خۆش لێی نووسرابوو (بۆ تۆ).
ماوەیەکی زۆر بوو لێی ون ببوو و بەشوێنی‌دا دەگەڕا. بە دیتنەوەی زۆر خۆشحاڵ بوو دەیکوت ئەم کتێب و نووسراوە کەی وەک چەخماخەی هەورە برووسکەیەکی بەهێز وایە ، ەێمای عەشقێ لە نێو ماڵی تاریک و تنۆکی دڵمدا وەدەرخست.!!!
بە هێوری دەرکی دووکانەکەی پیوەدا. کورسیەکەی هێنا و هەر لەوێ دانیشت. کتێبەکەی تەکاند و سڕی. لاپەڕەکانی ڕیک‌وپێک کرد.
لەگەڵ ئەم کارە بیرەوەریەکان هۆرژمیان بۆ مێشکی هێنا
شەوێکی ساردی زستان بوو نازدار لەگەڵ بنەماڵەکەی هاتبوون بۆ ماڵی هاوکار هەموو گەرمی قسە بوون دوای ماوەیەک نازدار ئیزنی لە هاوکار وەرگرت چووە سەر کتیب‌خانەکە زۆر بە وردی سەرنجی خستبووە سەرکتیبەکان کتیبەکەی سۆهرابی دەرهێنا زۆری لی خوێندە بە نازێکی دولبەرانەوە ڕووی کردە هاوکار و کوتی: ئەتۆ کتێبی گوڵی سووری سوهرابت نییە؟
: نا بە داخەوە لەگەڵ بزەیەک کوتی من هەمە! کورسیەکەی هێنا دەرێ و دانیشت پرچە ڕەش و قەترانەکەی هەڵداوە و خستیە ژێر لەچکە کەسکەکەی. شەبەقی ڕنووی کوڵمەی لە ژێر پرچی ڕەش و سەدان جوانی‌تر دەمووچاوی کردبوو بە جاڕەگوڵ.
هاوکار هەستی کردنازدار دەڕوانێتە ئەو شەرمێونانە سەری هەڵێنا تیشکی نێگایان تێکەڵ بوو بزەیەک مرواری ددانەکانی وەدەرخست، بزەیەک هاتە سەر لێوی، چەپی گنجێکی تێکەوت!. ئەوە لە کاتێک‌دا بوو بریقەی جەغزی چاوە پڕ لە غەمزەو نازەکانی نازدار شەش‌دانگی بیر و هۆشی داگیر کردبوو کوتی فەرموون باسی کتێبی گوڵی سوورم بۆبکەن بە دەنگێکی نەرم و نیان دەستی پێکرد.
قسەکانی زنەی کانیاو و خرمەی باران بوون و بۆنی بەهاریان دەدا.
بینینی ڕوخساری هەوێنی سەدان ئۆمێد بوو، تابڵۆی ژیانێکی پڕ لە بەختەوەری دەنەخشاند.
لەو کاتەدا زڕەی تەلەفۆنەکە هات، کاروان ڕاچەنی هەڵی‌گرت ڕەشەی ئامۆزای بوو. بە دەنگێکی پڕ لە پەرۆشیەوە کوتی لە ڕێگای میاندواو ماشینێکی بارهەڵگر لە قەبرغەوە خۆی کێشا بە ماشینەکەمدا.
: کەس هیچی لێ نەهاتووە؟
: نانا شکور بۆیە پیوەندیم پێوەگرتی ئەوڕۆ درەنگ دێمەوە کوتم بە ماڵێ بڵێی کارم بۆ هاتوەتە پێش. لە نێوان قسەکانی‌دا کەسێک هاتە ژوورێ، بەڵام لەبەر گرفتەکەی کاروان ئاگای نەکرد.
قسەکانی لەگەڵ کاروان تەواو بوو، سەری هەڵێنا بۆ چەند چرکەیەک تاسا بە سەرسوڕمانەوە لەو خاتوونەی ڕوانی، بە سەر سڵاوی کرد بمبوورە ئاغای ئەحمدی؟
: بەڵێ فەرموو
: وادیارە لە کاتێکی زۆر نەگونجاودا هاتووم
: نەخێر بفەرموون. بە خێر بێن .
من خاترەم خوشکی کەژاڵ هاتووم بۆ کتێبەکان.
: ئەها بەڵێ چەند ڕۆژ لەوە پێش فەرمووی ئەو کتێبانەمان لە دووکان نەماوە، بۆم داناوە
بەرەو قەفەسەی کتێبەکان چوو وەک کەسێک سەری لێ‌شێوابێ نەیدەزانی چی دەکات و لەچی دەگەڕێ و بۆچی دەگەڕێ، ئەو خاتوونە هاتە دەنگ و کوتی: بۆ کتێبەکان دەگەڕێن؟
: بەڵێ
: ئەوەتان لەسەر میزەکە دانراوە
: ئای بیرەوەریە تاڵ و تفتەکان چۆن هۆشتان لێ بڕیوم
: کام بیرەوەری؟
: ئەو بیرەوەریانە ئێستاکە برینی کۆنیان لێ هێناومەتەوە ژان
زۆر جار دیتنی کە سێک، کتێبێک و دیمەنێک دەبێتە هۆی زیندوو کردنەوەی بیرەوەری خۆش و ناخۆش لە مێشکی مرۆڤ‌دا
خاترە ئیزنی خواست چاوێک لە کتێبەکانی نێو کتێب فرۆشیەکە بکات. دوای ماوەیەک کوتی کتێبی زۆر باش و بەکەڵکت هەیە کاک هاوکار
هاوکار: بەڵێ هەر کتێبێک لە ژێر چاپ بێتە دەرێ دەیکڕم بۆ دووکان
:ئێزنم هەیە بپرسم لە زانکۆ چ دەخوینی؟
: بەڵێ قوتابی بواری کۆمەڵناسیم
: بژی زۆر لە بوارێکی دەگمەن و بە کەڵک‌دا دەخوینی، کتیبەکانی کۆمەڵایەتیم لە بەر پەنجەرەکە نهۆمی سەرێ‌دا هەڵ چنیون سەیرکەن
: بەڵێ تەواوی نووسەرە بەناو بانگەکانی تێدایە نیچە، فرانتس، فانوون …
کتیبیکی هە ڵ‌گرت و کوتی : لام وایە ئەم کتیبە تازە هاتووە؟
هاوکار: بەڵێ کاتت هەیە کورتەیەکت بۆ باس بکەم؟
: بەڵێ تکایە بفەرموون زۆرم پێخۆش دەبێ !
هاوکار هەڵبەت من هەرکەس کتێبم لێ بکڕێ کورتە باسیک لەسەر ناوەرۆکی کتێبە دەکەم بەڵام لەبەر کەژاڵ خاتوونیش بێ ئیوە جیاوازن!
کتیبەکەی هەڵگرت و دەستی پێ‌کرد
«ساڵانێکە ئەم چیرۆکە پڕ لە ئێش و ژانە بۆ خۆم و لەبەر خۆمەوە دەڵێمەوە. ماوەیەک بوو لە دڵیدابووم ئێستا لەسەری داوم! نازانم گوێی زەمان و مێژوو قورس بووە یا خنراوە وا هەست بە ئەم هەموو بڕک و ژانە ناکات. دەنا کێ هەیە لە نێو ئەم مرۆڤە خامۆش و بێ دەنگانەدا جەوری زۆردار و زێڕدار ژیانی لێ تاڵ نەکردبێ دەرونی نەڕووشاندبێ و کەسایەتییان زام‌دار نەکردبێ. ئەم ئاپۆڕە بێ دەنگە بینەری سەدان سووکایەتی و پێشێل‌بوونە، بەڵام هەر ڕق و تووڕەییەکانیان دەخۆنە و وەک شەپۆلی دەریایەکی تووڕە و تۆسن سەر دەکوتنە کەنارەکانی خۆیان جەستە و دەروونیان پڕ لە ئێش و ئازارە، بەڵام بێ‌دەنگ و خامۆشن. لام وایە دەبێ مێژوو سەرلەنوێ بنووسرێتەوە تا خەو لە چاوی ئەوانە بزڕێنێت کە بناغەی شکۆو مەزننایەتییان تێک داوە. تا چی‌دی ئەم مرۆڤانە بە ئازاری نەگەیشتن بە هیوا و ەۆمێد نەتلێنەوە. دەبێ مێژوو بنووسێت نەداری و هەژاری ژیانی پڕ لە خۆزگە و بریای ئەم خەڵکە نابێ پینەی چارەنووسی بەسەردا بدووردرێ.»
بە ڕاستی کتیبێکی بەکەڵکە ئەتۆش زۆر بە وردی و بە تام و چێژ باست کرد ئادەی ئەم نووسراوەیە نووسەرەکەی کێیە کە دەتوانێ ئاوا بیر و هۆشی مرۆڤ داگیر بکات؟!
: بەڵێ کتێبیکی بەنرخە، هەرکات بتهەوێ پێشکەوتووتر لە خەڵکانی‌تربی نابێ هەر ئەو کتیبانە بخوێنیەوە کە ئەوان دەیخوێنەوە.
دوای باسیکی زۆر کتێبەکانی خۆی هەڵگرت و ئیزنی خواست و ڕۆیشت.
چەند ڕۆژ گوزەرابوو هاوکار وەک کاس دەچوو بەردەوام بیری دەڕویشت . تەواوی گیانی ئێش و ئازار دایگرتبوو . لەو ماوەیەدا کتێبی نەدەخویندەوە هەر دەهاتە دووکان دادەنیشت و چاوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیکان دەکرد لەگەڵ دەر و جیرانی دوکان قسەی نەدەکرد. ڕۆژێک پێش قاوڵتوون تەلەفۆنەکە زەنگی لێداو هەڵیگرت، دەنگێکی نەرم و نیان کوتی: سەلام ئاغای ئەحمەدی
: سەلام بەڵێ
: من خاترەم خوشکی کەژاڵ
نەی‌هێشت وتەکەی تەواو بکات کوتی: بەڵێ فەرموون؛ لەگەڵ ئەم دێڕە نازدار و بیرەوەریەکانی دیسان سەریان هەڵدایەوە
: بەشی دووهەمی ئەم کتێبەتان هەیە.
: بەڵێ هەمانە
: کاتژمێر ۵ دەتوانم بێم لیتان وەرگرم ؟
: بەڵێ وەرە بۆت دادەنێم
خوداحافیزی کرد و گووشیەکەی دانا
لەگەڵ ئەو قسانە تەواوی بیرەوەریە خۆش و ناخۆشەکان هەروژمیان بۆ سەری هێنابوو کاتەکان تیپەڕ نەدەبوون.
لەبەر خۆیەوە دەیکوت: ئێستاش من نازانم کاتژمێر کوا دەتوانێ پێوانە بێت بۆ ساتەکانی چاوەڕوانی؟!
هەرچۆن بوو ساتەکانی چاوەڕوانی تێپەڕبوو
کاتژێر ۵، خاترە هات، لە دوورەوە کە دیتی دڵەکوتێ دەستی پێکرد، سەلامی کرد. دوای چاک و چۆنی بەشی دووهەمی کتێبەکەی دا دەستی.
: ئەرێ ئامۆزاکەت چۆنە، ئەو ڕۆژە زۆری پەرۆش کردبووی
: ئەو چاکە بەڵام بۆخۆم زۆر خراپم.
بە پێکەنینێکی دولبە رانەوە کوتی: جا بۆ خۆت بۆ؟!
: هەر لێم مەپرسە؟
: خودا نەکا لە کاتیکی خراپ‌دا وەختم گرتویی؟ بمبوورە.
: نانا وا مەفەرموون کاتەکەی زۆر گونجاوە بەڵام
: بەڵام چێ؟ ئەوکتیبانە بیرەوەری زانکۆیان تێدا زیندوو کردیەوە ؟ وا پەرۆش بووی
هاوکار: ئە من بیرەوەریەکانی زانکۆو کاتێ لاویم تێدا چوون.
دەی‌ویست درێژە بە قسەکانی بدا بەڵام زیادە لە هەموو ڕۆژەکان لەوکات و ساتانەدا مشتەری دابارین و هاوکار لەگەڵ ئەوان قسەی دەکرد خاترە چاوی لە کتێبەکان دەکرد هاوکار هات و داوای لێ‌بواردنی کرد. لەو کاتەدا موبایلەکەی خاترە زەنگی خوارد چاوی لێکرد

دسته بندی: جامعه, سایر, فرهنگ و هنر, یاداشت ها برچسب ها:

به اشتراک بگذارید :

مطلب قبل و بعد
مطالب مشابه

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد