*حاجی عەبدۆڵڵا حەمزە لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە سەر دەستەڵاتی خۆسەپێن و ستەمکاری پاشایەتی ، هەموومان بەو هیوایە بووین کە لە کەشێکی بێ پاشایی دا بەختەوەر بین … بەڵام ، هەر زوو بە هۆی کێشە و بەزمەکانی ئێراق و ئێران و نێوخۆیی هەموو ئێرانیەکان بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی شار و گوند […]

*حاجی عەبدۆڵڵا حەمزە

لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە سەر دەستەڵاتی خۆسەپێن و ستەمکاری پاشایەتی ، هەموومان بەو هیوایە بووین کە لە کەشێکی بێ پاشایی دا بەختەوەر بین … بەڵام ، هەر زوو بە هۆی کێشە و بەزمەکانی ئێراق و ئێران و نێوخۆیی هەموو ئێرانیەکان بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی شار و گوند و ژێرخانی ئابووریمان وێران و هەزاران شەهید و بریندار و بەرکەوتووی تەنانەت چەکە قەدەغە کراوەکانمان هەبوون و لە دواییش دا بە بیانوی بارودۆخی ئەمنیەتی ئەوەندە کار بۆ ئێمە نەکرا لاوان بخوێنن و بە پێی پلەی خوێندن لە کەرتەکانی دەستەڵات و تایبەتی دامەزرێن و هەلی کاریان بۆ دابین بێت … هەر بۆیە پیشەی سەرەکی لاوان و تەنانەت گەورە ساڵان و منداڵانیش بوو بە کاسبی سەر سنوور و کاروانچێتی و… قاچاغی وەک مۆرکی چارەنووس لە نێوچاوانی لاوانی کورد درا و بە هۆی بەستنی “دەروو” و دەروازەکانی سنوور و نەمانی پیشەی بارەبەری بە پشتی بارەبەرانی وەک ئێستر و ئەسپ ، بە جێی ئەوەی هەلی کار بە سازکردنی کارگە و کارخانە و بووژاندنەوەی کەرتی کشتو کاڵی و ئاژەڵداری بۆ لاوان بڕەخسێنن ، کورتانی وەڵاغە تۆپیوو و فرۆشراوەکانیان خستە سەر کۆڵی چینی نێرینەی گوند و شارەکانی لای سنوور و بە فەرمی و یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و دەستگا پەیوەندیدارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕامیاری وەڵات وەک کۆڵبەر و بارەبەر ناسێندران و ئیدی لە مرۆڤێکی کاروانچی و سواری پشتی بارەبەران بووینە مرۆڤێکی باربەر و قوڕسترین کاڵاکانمان بە پێدەشت و ڕێچکە باریک و هەڵدێر و شاخاویەکان دا ڕاگواست …
لاوان چیدی توانای بارهەڵگری و هەڵدێران و کوژاران و مردن لە برسان و لە سەرمایان نەماوە و تەمایانە بڕۆن و سەری خۆیان بەرەو ئەو شوێنانە هەڵگرن کە لەوێش دەبێ وەک هاونیشتیمانی پلە دوو و نۆکەر و قەرەواش بە دزی و بە کەمترین نرخ کار بکەن و بینێرنەوە هەتا بژیوی دایک و باب و خوشک و برا و ژن و منداڵیان پێ دابین بکەن …لاوەکان چۆن دەڕۆن و تێچووی قاچاغچی و ڕێگا و مانەوەیان چۆن دابین دەکەن؟
زۆر کەمن ئەوانەی تێر و پڕ و دارا و دەوڵەمەند بن و تەمای ڕۆییشتن بۆ هەندەرانیان بەیەکجاری هەبێ … ئەدی کێ دەڕوا…؟ ئەوانەی دەڕۆن … خانوو و ڕەز و باغ و ماشێن و زێڕی دایک و خێزانەکانیان دەفرۆشن و بە بارمتە هەتا دەگەنە وەڵاتێکی ئەورووپایی له لای دەڵاڵانی قاچاغچیەکانی دادەنێن…
ئەو لاوە کۆچەرانە بە برسیەتی و لێدان و بێڕێزی و هەزاران کوێرەوەری وکێشە دە نێو ماشێنە باریەکان و لۆتکە و گەمیەی بارهەڵگر بە ڕێگا سەخت و کوێرە ڕێ و لانەدیوەکان و بە نێو شەپۆلە بە لرفەلرف و گێژاوی دەریاکان و سەر سنوورە تەلبەند کراوەکان و زەلکاو و مەیدانەکانی مینڕێژ کراوی سوپا و پۆلیسی وەڵاتان دا تێپەڕ دەکرێن و ئەگەر دەرچوون ئەوە لەبەختی خۆیان … یا دەمرن و دەبنە بەردی بن گۆمێ و بێ سەر و شوێن و دیدار ئاخرەت دەبن یا دەگیرێن و دەرناچن و دەست لە ئەژنۆیان دەگەڕێنەوە و ئەگەر هاتیشنەوە نە ماڵیان ماوە و نەکاریان هەیە و ئەوانەی سەڵت و ڕەبەن نین خێزان و منداڵیشان سەربارن …
هەر بە چەند ساڵان جارێکی کۆڕەوی لاوان بەرەو هەندەران دەست پێ دەکات … ئەگەر کەسێک لەو دیوی سنوورەکان بە هەڵە یا بۆ کارێکی ئاسایی بێتە نێو خاکی ئێمە دەست و پێی دەپەڕێنن و لە مێدیا دا دەنگ دەداتەوە بەڵام ئەگەر بە هەزاران کەس بێ پاسپۆرت سنوور بەرەو هەندەران دەبەزێنن بۆچی هیچ بەربەستێک نیە و هیچ میدیایەکیش باسی لێ ناکات؟ هێزی بیر و هزر و هێزی کاری وەڵاتەکەمان خەریکە کۆچ دەکات و لە هەندەران دەبێتە پیر و نەخۆش شۆر و ماشێن شۆر و سەرتاش و شاگردی مەیخانە…؟ کێ لێرە دەمێنێ؟ کۆمەڵێکی بە ساڵاچووی بێ دەرەتان و نەخۆش و چینێکی منداڵ و مێرمنداڵ کە ئەویش لە ئێستاوە تەمرین و ڕاهاتنی ڕۆیشتن دەکەن…! بەڵێ لێرە ژیان نەماوە و کار و پیشە و داهات نیە… بەڵام دەبێ خۆڕاگر بن ئەم وەڵاتە مشوور خۆر و خەمخۆر و هێزی لاوانی پیێویستە…
تکایە کۆچ مەکەن…
ڕاستەلێرە بێزار بوون بەڵام لەوێش دڵیان بۆ ماڵ وگوند و شار و وەڵاتەکەیان لێ دەدات و لەش و هێزیان لە هەندەرانە و هزر و بیر و دڵیان لە نیشتمانی خۆیانە…
کێ بەرپرسیاە؟
کێ تاوانبارە؟
“کاریلە هەر بن سەوەتەی دانابێ…!”

دسته بندی: جامعه, یاداشت ها برچسب ها:

به اشتراک بگذارید :

مطلب قبل و بعد
مطالب مشابه

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد