نووسەر:سۆما ڕەزافەر ڕوخساری جوان و دم بە پێکەنینی وەها بێ ڕەنگ ببوو،وەها تێک شکابوو،دەتکوت ساڵانێکی زۆرە لە ژوورێدا لە بەند کراوە ژوورێکی وا کە پەنجەرەکانی محەجەری ئاسن و سەختی هەیە کە وەک زیندانی لێ هاتووە. پەنجەرەی ژوورەکانمان رووبەرووی یەکە،من و باران جیران و هاورێی یەکین،گوێم لە دەنگی دەبێ،دەڵێی کەسیان لە ماڵ نییە.وای بۆ دەچم چەند […]

نووسەر:سۆما ڕەزافەر

ڕوخساری جوان و دم بە پێکەنینی وەها بێ ڕەنگ ببوو،وەها تێک شکابوو،دەتکوت ساڵانێکی زۆرە لە ژوورێدا لە بەند کراوە ژوورێکی وا کە پەنجەرەکانی محەجەری ئاسن و سەختی هەیە کە وەک زیندانی لێ هاتووە.
پەنجەرەی ژوورەکانمان رووبەرووی یەکە،من و باران جیران و هاورێی یەکین،گوێم لە دەنگی دەبێ،دەڵێی کەسیان لە ماڵ نییە.وای بۆ دەچم چەند کات ژمێرێک دەبێ لە بەند کراوە و مافی چوونە دەرێ له ماڵێیان لێ سەندۆتەوە.
گوێم لێیه هەر لە خۆی دەپرسێ: بۆچی من چیم کردوه؟چیم کردوه؟ چی…
توڕەیی و خۆف و خەم لە چاوانی دا دەبینم،دڵ نیگەرانە و قامکانی تێک دەهاڵێنێ و بەرانی خۆی دا دەکێشێ.ڵێوی دەگەزێ وەها توند کە دەترسم ئازاری پێ بگا.من لەو دەڕوانم و ئەو من نابینێ، تەنانەت قسەشی لەگەڵ دەکەم هەر نابیستێ. وای بۆ دەچم ئاشق بوبێت! بەڵام ئەویندای کێ؟ ئەو کەسە کێیە کە ماڵی بارانی ئاوا توڕە کردوە؟ هێندە توڕە کە ئەم کیژە نازدارەیان اوا لە بەند هاویشتوە! ڕەنگە ئەوینداری کەسێک بوبێت کە لە ماڵی دونیا بێ بەشەو قڕانێکی لە گیرفان دانیە. یا ئەوینداری کوڕێک کە بەڕای بنەماڵەکەی لات و بەڕەڵایە؟! نازانم باران بۆ وای بە سەر هاتووە!
لە فکرمایە،دم و چاوی تێک ناوە،نیگەرانە،لێوەکانی لەرزە لەرزیانە،زوو زوو دەیان گەزێ. لە فکری چی دایە؟ ڕەنگە لە یادی ڕۆژانی خۆشی ڕابردوودابێ کە لەگەل یارەکەی بوبێت. نازانم! یا ڕەنگە فکری هەڵاتن لە ماڵێ دەکاتەوە!!…
بارانی گەمژە چۆن دەکرێ ئینسان لەبەر خاتری ئەو کەسەی کە بنەماڵەکەی جوابیان کردووە لە هەموو کەس و هەموو شتێک ببوورێ؟
نا…نا…ڕەنگە وا نەبێت،نابێ من،بێ بیر کردنوە قسەی وا بکەم،ڕەنگە هەر کەسێکی دیکەش لە جێی ئەو بوایە،هەر ئەم بڕیارەی بدایە.
لەو لای پەنجەرەکە،لەچکەیەکی سپی،بە بزمارێکەوە هەڵواسراوە،لەچکەی بارانە،ئاخە ئەو هەموو کات لەچکەکەی دەشوا،بەجیا بەم بزمارەوە هەڵی دەواسێ.باران مەودایەکی زۆری لەگەڵ لەچکەکە نییە و هەوڵی ئەوە ئەدات دەست بگەیەنێتە ئەو لەچکەیە.بەڵام کەس نەیدەزانی ئەو لەچکەیەی بۆ چ کارێک دەوێ؟هەر هات و دەستی درێژتر دەکرد،تا بەشکەم لەچکەکە بێنێتە خوارێ.خودایە! نەکا بە تەمای خۆ هەڵواسین بەم لەچکەیە بێت؟ یانی ئەوین،ئەوەندە پیرۆزە کە هەروا بە ئاسانی دەتوانی گیانی خۆتی پێشکەش بکەی؟
ئەوین وەهای سەرخۆش کردبوو کە هەموو ئەندامەکانی لەشی،لێدانی دڵی و هەناسەکانی،مردنیان پێ باشتر بوو تا ژیانی بە بێ ئەو.
هەر نەیدەتوانی دەستەکانی بگەیەنێتە لەچکەکە و دایگرێ،لە پڕدا دەستەکانی بە میلەکانەوه،گڕی دا و هاواری کرد:من دەمهەوێ کلاسی فێرکاری مۆسیقاکەم درێژە بدەم! بۆچی هیچکەس گوێم بۆ ڕاناگرێت؟ بۆچی هیچکەس لێم حاڵی نابێت؟ فرمێسک بە چاوی دا هاتەخوار و هێور هێور،هەڵوەریە سەر ئەژنۆکانی.
ئای بە هەڵە دا چووین،باران دڵ برینداری ئەوینی کوڕێک نەبوو،باران ئەوینداری مۆسیقایه، مۆسیقا!

دسته بندی: فرهنگ و هنر برچسب ها:

به اشتراک بگذارید :

مطلب قبل و بعد
مطالب مشابه

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد