ئەمین گەردیگلانی (بۆکان) وەرگێڕان پردی پێوەندیی نێوان نەتەوەکانە و لەو ڕێگایەوە لەگەڵ فەرھەنگ و ئەدەب و داب و نەریت و ژیان و ژیواری یەکتر ئاشنا دەبن. زمان بە وەرگێڕان دەوڵەمەند دەبێ و لەو گۆڕەپانەدا لەگەڵ زمانەکانی تر دەکەوێتە ململانێ، لە وەرگێڕاندا بە ھێزی و لاوازیی زمان دەردەکەوێ و لە ڕاستیدا تاقیگەیەکی باشە بۆ تاقیکردنەوەی تواناییەکانی […]

ئەمین گەردیگلانی (بۆکان)

وەرگێڕان پردی پێوەندیی نێوان نەتەوەکانە و لەو ڕێگایەوە لەگەڵ فەرھەنگ و ئەدەب و داب و نەریت و ژیان و ژیواری یەکتر ئاشنا دەبن. زمان بە وەرگێڕان دەوڵەمەند دەبێ و لەو گۆڕەپانەدا لەگەڵ زمانەکانی تر دەکەوێتە ململانێ، لە وەرگێڕاندا بە ھێزی و لاوازیی زمان دەردەکەوێ و لە ڕاستیدا تاقیگەیەکی باشە بۆ تاقیکردنەوەی تواناییەکانی زمان. ھەر وەک دەزانین زمان ئامڕازی بیر کردنەوەیە و کۆمەڵە واتایەکە لە سیستەمی ڕێزماندا پێکەوە ئاوێتە دەبن و تێک ھەڵدەکێشرێن. واتاکانیش لە کاکڵی وشەدا دەردەکەون. وشەکان لە ماناو کاکڵی خۆیان دانابڕێن، بەبێ ئەوانیش بیر کردنەوە ناگونجێ، جا ئەو بیر کردنەوەیە بەشێوەی نووسراوە بێ یان دەربڕین، یان ئەگەر لە زەینیشدا بمێنێتەوە و لە دەرووی زمانەوە دەرباز نەبێ، ھەر ئەو شتەیە. بۆ ئەوەی ئەو فکرە بە باشترین شێوە خۆ بە دەستەوە بدات، دەبێ ماناکان ڕوون و ڕاشکاوانە بن. وەرگێڕ دەبێ بیر لە کاکڵی مانا بکاتەوە و لە نێو بۆتەی واتاکەدا قاڵ بێتەوە و بۆ مانای قامووسیی وشەکان نەگەڕێ. چونکە وەرگێڕ فەرھەنگ نووس نییە مانای وشەکان فێری بەردەنگ و خوێنەرەکەی خۆی بکات.
وەرگێڕان ھونەری دووبارە نووسینەوەیە و وەرگێڕی باش تەنیا بیر لە کاکڵی ڕستە و بابەتەکە دەکاتەوە نەک مانای وشەکان. چونکە ھێندێ وشە ھەن مانای جۆراوجۆریان ھەیە و لەوانەیە وەرگێڕی ناشارەزا ڕواڵەتیترین مانای وشەکە وەرگرێ و ڕایگوێزێتە سەر زمانی دووھەم. دەتوانم بڵێم زۆربەی وەرگێڕانەکانی ئەمڕۆ تووشی ئەو پەتایە بوون و سەریان لە خوێنەری تامەزرۆی کتێب تێکداوە. وەرگێڕی ناشارەزا و نادەرۆست لە ڕاستیدا درم و پەتایەکە بۆ لە نێو بردنی زمان و لە بەریەک ھەڵوەشاندنی چوارچێوەی واتا. ئەو ھەڵەتێگەیشتنە بەتایبەت لە ئیدێوم و زاراوەکاندا بەڕاستی دەتوانم بڵێم کێشەھەڵاییسێنە و جاری وایە پیاو نازانێ لە داخانا بۆ ئەو زمانە لێ قەوماو و بەستەزمانە بگری یان بە فامی بە ناو وەرگێڕەکەی پێبکەنێ. بە داخێکی گرانەوە چونکە دەزگا و ناوەندەکانی چاپ و بڵاو کردنەوەی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە لێژنەیەکی شارەزا و زانستییان نییە و تەنیا بیر لە زۆری و بۆریی ژمارەی بڵاو کراوەکانیان دەکەنەوە، بەڵایەکیان بە سەر زمانی کوردی ھێناوە بابە دەواری شڕی نەکردبێ. دەکرێ بڵێن کەسانی بە ناو شاعیر چ بەڵایەکیان بە سەر شیعر ھێناوە، وەرگێڕەکانیش زمان و واتا و مانایان بەو دەردە بردووە.
ھەر وەک لە پێشدا ئاماژەم پێکرد وەرگێڕان دووبارە نووسینەوەی دەقە، ھەر وەک نووسەرێک یان شاعیرێک کە سووژەیەک دەدۆزێتەوە و دەینووسێ؛ وەرگێڕیش کاتێک پەرەگراف یان ڕستەیەک دەخوێنێتەوە دەبێ ماناکەی لە زەینی خۆیدا لێک بداتەوە و بە شێوەیەکی ھونەری دایبڕێژێتەوە. وەرگێڕ دەبێ شارەزای ھونەری نووسین و خاڵبەندی بێ. وەرگێڕ دەبێ بزانێ لە کوێ خاڵ دابنێ و لە کوێ نیشانەی سەر سووڕمان و پرسیار و کاما. چونکە ڕستەیەک بە نەبوون یان بێ جێ دانانی کامایەک واتاکەی دەگۆڕێ و سەر لە خوێنەر دەشێوێنێ. زۆربەی دەقە وەرگێڕاوەکانی ئەمڕۆ لەو بارەوە ڕەخنەیان لە سەرە و ناشارەزایی وەرگێڕەکەی لە قاو دەدا. ھەر بۆیە زۆربەی دەق و بابەتەکانی ئەمڕۆ بە کتێب و وتاری رۆژنامەیی و ڕادیۆ و تیڤییەکانەوە لپاولپن لەو ھەڵە و پەڵانە و خوێنەر و گوێگر ھیچ کەڵک و چێژێک لەو بابەتانە وەرناگرێ. جاری وایە دەست دەکەی بە خوێندنەوەی ڕۆمانێک چەندین لاپەڕە دەخوێنییەوە ھەر تەقەی سەرت دێ و ھیچی لێ تێناگەی. ڕستەکان ھێندە دوور و درێژن ھەتا دەگەیە کۆتایی سەرەتاکەیت لە بیر دەچێتەوە و ھیچ نیشانە و خاڵبەندییەکی تێدا وەبەر چاو ناکەوێ. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی زمانی کوردی ڕستەی کورتە. چونکە زمانی کوردی خاوەنی زۆترین کرداری ڕێزمانییە بەو شەرتە نووسەر و وەرگێڕی بێ توانا بە قوڕیدا نەبەنە خوارێ. بە داخەوە زۆربەی کردارەکان بوونەتە «کردن» جلت بۆ دەکەم، یاپراغت بۆ دەکەم، کلیپت بۆ دەکەم؛ ھەقایەتت بۆ دەکەم، چێشتت بۆ دەکەم، سەرکڵاوەت بۆ دەکەم؛ لە حاڵێکدا ھەر کام لەو ڕستانە کرداری تایبەت بە خۆیان ھەیە و ئەم وتن و نووسینە زمان بەرەولاوازی دەبا. لە ڕاستیدا کرداری ئەو ڕستانە دەبێ بەم شێوەیە بێ. جلت بۆ دەدرووم، یا پراغت بۆ دەپێچمەوە، کلیپت بۆ سازدەکەم. ھەقایەتت بۆ دەگێڕمەوە چێشتت بۆ لێدەنێم، سەرکڵاوەت بۆ دەچنم.
ڕستەی درێژ و ھێندێ جار چەند کرداری وەھا سەر لە خوێنەر دەشێوێنێ و نووسینەکەش ناحەز دەکات خوێنەر ناتوانێ بیخوێنێتەوە و بە ناچاری تووڕی ھەڵدەدا. بۆ وێنە: «کەریم کە ھاوڕێکەی بۆ دیتنی تابڵۆکانی کە کێشابوویەوە بانگھێشتنی کرد، سپاسی کرد.» یان لەیلا چاوی بە منداڵەکەی کە لە سەرمانا کەسیرە بوو بوو، کەوت. ئەم جۆرە ڕستەسازییە ھی نووسەر و وەرگێڕی ناشارەزا و نادەرۆستە. ئەو وەرگێڕە دیارە ڕێزمان نازانێ و لەگەڵ جوانییەکانی زمان و ڕێزمان نامۆیە، دەنا بەو شێوەیە ڕێزمانی پێشێل نەدەکرد. دەیتوانی زۆر سانا و ڕێک و ڕەوان بنووسێ: کەریم سپاسی لە ھاوڕێکەی کرد کە بۆ دیتنی ئەو تابڵۆیانەی کێشابوویەوە، بانگھێشتنی کردبوو. لەیلا چاوی بە منداڵەکەی کەوت کە لە سەرمانا کەسیرە بووبوو.
یەکێکی تر لە گرفتەکانی وەرگێڕی ئەمڕۆ وەرگێڕانی پەند و ئیدیۆمەکانە. لە ڕاستیدا ئەو شتانە بۆ وەرگێڕان نابن و وەرگێڕ دەبێ ھاوتای ئەوان لە زمانی دووھەمدا بدۆزێتەوە.
وەرگێڕان ئەگەر مانا کردنەوە بێ ھەموو کەس دەتوانێ بیکات، چونکە ھەر کەس سەرەتەقەیەک لە زمانی دووھەم بکات و زمانەکەی خۆی شارەزا بێ دەتوانێ دەقێک مانا بکاتەوە. بەڵام ئەو دەقە ئەگەر وەرگێڕێکی شارەزای نووسین داینەڕێژێ تەنیا کۆمەڵە وشەیەکی وشک و بێ ڕۆحە و ناچێتە خانەی ئەدەبەوە. ئەمڕۆ بە داخەوە زۆربەی ئەو کەسانەی دوو وشە فارسی یان زمانێکی تر فێر بوون پێیان وایە بە تەواوی دەیزانن و دەست دەکەن بە وەرگێڕانی ڕۆمان و شیعر و چیرۆک و بێ ئەوەی ھەست بە بەر پرسیارێتی بکەن فەرھەنگێک لە بەر دەمیان دادەنێن و ھەڵدەکوتنە سەر بەرھەمە ئەدەبییەکان و تێکیان ھەڵدەشێلن و ئاوەژوویان دەکەنەوە و ناوی دەنێن وەرگێڕان. کاتێک دەست دەکەن بەوەرگێڕانیش تەنیا بیر لەوە دەکەنەوە زوو تەواوی بکەن و پارەکەی وەرگرن و بیخەنە تەنگەی باخەلێانەوە. ئیتر بیر لەوە ناکەنەوە چ زیانێکیان بە ئەدەبی گەلەکەمان گەیاندووە و بەرھەمی ڕەنجی چەند ساڵەی نووسەرەکەشیان چۆن پاماڵ کردووە. لەلایەکی تریشەوە بە ناو وەرگێڕەکانی ئەمڕۆ چونکە شارەزای بواری ئەدەبی جیھانی نین و ھەڕەی لە بڕەی ناکەنەوە، بەرھەمی وا وەردەگێڕنەوە لە زمانی سەرەکیدا ھیچ نرخێکی نییە و وەک بەرھەمێکی سووک و بازاڕی چاوی لێدەکرێ. بۆ وێنە چەند نووسەری فارس ھەن ساڵی چەند کتێب بە ناوی ڕۆمان دەدەنە دەرێ و چونکە توانایی مالێیان ھەیە زوو چاپی دەکەن. وەرگێڕە ناشارەزاکانی ئێمەش ئەو بەرھەمە بێ پێزانە دەقۆزنەوە و وەریدەگێڕنەوە و لە چەند لایەنەوە زیان بە فەرھەنگی وڵاتەکەمان دەگەیەنن. ئەگەر باری زیانە فەرھەنگییەکەشی لە بەر چاو نەگرین زیان بە باری ئابووری وڵاتەکەمان دەگەیێنێ و ئەو ھەموو کاغەزە خەسار دەبێ. ھێندێک لەو نووسەرانەی بەرھەمەکانیان لەم بەشەی کوردستان وەردەگێڕدرێتەوە و چاپ دەبێ لە وڵاتەکەی خۆیان ناویان لە کوولەکەی تەڕدا نییە و ھیچکەس بە نووسەریان نازانێ و وەک خۆرەی زمان و ئەدەب چاویان لێدەکرێ. ئەوەش زیاتری دەگەڕێتەوە سەر نادەرۆست بوونی ناوەندەکانی چاپ و بڵاو کردنەوە. پاک و پیس پێکەوە تێکەڵ دەکەن و دەیخەنە بەر دەمی خوێنەری داماو. ھەر ئەوەش بۆتە ھۆی لاواز بوونی بازاری کتێب و کەم بوونەوەی خوێنەر. چونکە خوێنەر بە خوێندنەوەی نووسراوەی بێ پێز و پووچەڵ لە خوێندنەوە ماندوو دەبێ و ئیتر ھەموو کتێبەکان بە چاک و خراپەوە بە یەک چاو تەماشا دەکات و لێی دەپرنگێتەوە.
وەرگێڕی باش كاتێک دەقێكی بەدڵ‌ بوو و دوای خوێندەنەوەكەی هەستی بەوە كرد كە وەرگێڕانەكەی قازانجی بۆ ئەدەبیات و زمانەكەی هەیە. قوڵی لێ‌هەڵدەكات و وەرێدەگێڕیتەوە. وەرگێڕانیش دەبێ تەواو ئەمانەتدارانە بێ. وەرگێڕ لە کاتی وەرگێڕاندا ڕستەیەك یان دوو ڕستە دەخوێنێتەوە و ئەمسا دێ وەك كوردێك ئەو ڕستانە دەنووسێتەوە. تەواوی خەم و دڵەخورپەكانی ئەو ڕێزمان و پاراستنەكەیەتی. چونکە ڕێزمان ڕۆحی زمانە. وەرگێڕ کاتێک لە دەقێكدا تووشی پەندێك یان ئیدیۆمێک دەبێ، نابێ دەق و دۆغر وەریگێڕێتەوە، بەڵكوو دەبێ لە زمانی دووهەمدا بە دوای هاوتا و هاوواتاكەیدا بگەڕێ؛ بۆ وێنە ئەم پەندە فارسییە (نە شیر شتر و نە دیدار عرب) نابێ وشەبەوشە وەرێگێڕێتەوە، ئەگەر ئەوكارە بكات زۆرشتێكی بێ‌تام و ناسروشتی دەبێ. هاواتای ئەو پەندە لە زمانی كوردیدا ئەوەیە: “گۆشتی ڕانی خۆت بخۆ و منەتی قەساب ھەڵمەگرە” یان “نە گۆشتی كەروێشكم دەوێ و نە بۆتسی تاجی”. (مار گزیدە از ریسمان سیاە و سفید می ترسد)، ھاوواتاکەی ئەمەیە: “دەمی بە شیر سووتاوە فوو لە دۆش دەکات”. (خر بیار و باقلا باركن) “جاوەرە ئەو كەرە لەو قوڕاوە دەرهێنەوە.” (دمدمی مزاجە) “حاڵەتەكەی كشمیشییە”. (گنجشك را رنگ می‌زند بەجای قەناری می‌فروشد) “كڵاوی عیسا لەسەر مووسا دەكا” یان “جوڕڕە ناڵ دەكا” یان “کێچ ناڵ دەکات”. (كاسەای زیر نیم ‌كاسە است) “ئەو ماستە بێ‌موو نییە”. (خواب هفت پادشاە را می‌دید) “لە حەوساڵان ڕاست بووبۆوە”. (این رشتە سری دراز دارد) “ئەم هەویرە ئاو زۆر دەبا”. (مثل بید مجنوون می‌لرزید) “وەك مێژۆكە دەلەرزی)”. (سلام گرگ بی‌طمع نیست) “بۆیە پێت‌ دەڵێم مامە چۆلەكەم بۆ بگری”یان “قشقەڵە لەخۆڕا پشتی گامێش ناخورێنێ”…
لە کۆتاییدا ھیوادارم ھەموومان لە ھەمبەر زمانەکەماندا خۆ بە بەرپرسیار بزانین.

***
تێبینی: ئەم بابەتە لە دیداری وەرگێڕانی یەکێتیی نووسەران لە ھەولێر ڕۆژی ۱- ۲ ،۱۱ ، ۲۰۱۳ خوێندرایەوە.

دسته بندی: فرهنگ و هنر برچسب ها:

به اشتراک بگذارید :

مطلب قبل و بعد
مطالب مشابه

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد