* قادر عەلیخا ئەوەی زمان تەڕو پاراو و زیندووی ڕادەگرێ و ناهێڵێ قرچۆك و ڕزەڵۆك بێت، توێژ خستن و كراژ بەردانە و، ئەوەی دەبێتە هۆی ئەم توێژ خستن و كراژ بەردانە و زمان پاراو و زیندوو ڕادەگرێ و لە قرچۆك بوون و ڕزەڵۆكی دەپارێژێ و جار لەگەڵ جار جوانتر و نەرم و نیانتر و بە […]

* قادر عەلیخا

ئەوەی زمان تەڕو پاراو و زیندووی ڕادەگرێ و ناهێڵێ قرچۆك و ڕزەڵۆك بێت، توێژ خستن و كراژ بەردانە و، ئەوەی دەبێتە هۆی ئەم توێژ خستن و كراژ بەردانە و زمان پاراو و زیندوو ڕادەگرێ و لە قرچۆك بوون و ڕزەڵۆكی دەپارێژێ و جار لەگەڵ جار جوانتر و نەرم و نیانتر و بە دەماغ ڕایدەگرێ، قەڵەمی شاعران و نووسەرانی ئەوگەلەیە. ئەوە ئەوانن بەهەوڵ و تێكۆشانی بێ وچانی خۆیان، پێی ڕادەگەن وبە هێنان و دانانی وشەی جوان و بەجێ و زیندو كردنەوەی ئێدیۆم و وشە لە بیركراوەكان، كەلێنەكانی پڕ دەكەنەوە و زیادی و ناحەزییەكانی لێ بژار و هەرەس دەكەن و وەك باغ و بێستانێك، ئامادەی دەكەن بۆ بەرگرتن و بەهرە لێوەرگرتن.
ئەگەر چاو لە ڕەوتی ئەدەبیاتی هەر نەتەوەیەك بكەین، ئەوە دەبینین وەردە وردە بە پێی ڕەوتی زەمان، گۆڕانی بەسەردا هاتووە و لە هەر سەدەو چاخێك‌دا، شێوە و جۆری دەربڕینەكان گۆڕانیان بە سەردا دێ و ئەم گۆڕانانەش، بە پێی هەل و مەرجەكان، لە گەڵ سەردەمەكان گونجێندراون وكارێكیان كردووە، بە پێی جۆری وەرگر و خوێنەر نووسراوە و شێعرەكانیان لە گەڵ ویستی ئەوان‌دا یەك بگرێتەوە.
ئەگەر سەردەمێك ئەدەب تایبەت بووە بە نێو كۆشك تەلار و باڵەخانەی شاو سوڵتانەكان، جۆرێك بووە و ئەگەر دابەزیوەتە نێو حوجرە و قەڵای خان و ئاغاكان، بە شێوەیەك بووە و ئەوكاتەی بۆتە ئەدەبی جەماوەر و لە مەدرەسەكان‌دا خوێندراوە و سەری كێشاوەتە نێومزگەوت و ماڵەقورماوی و كۆخەكانەوە، بۆتە زمانی خەڵكی و بەزمانی ئەوان دوواوە.
مێژووی ئەدەبی نووسراوەی ئێمەی كورد، لە نێوكۆشكی پاشاكان‌دا، هەلی گەشەو هەناسە دانی بۆ نەڕەخساوە و لەو بەستێنەدا، مێژوویەكی كپ و بێدەنمان هەیە. مێژووی ئەدەبی و نووسراوەیی ئێمە لە خانەقاو حوجرە و قەڵای خان و ئاغاكانەوە دەست پێدەكاو سەر هەڵدەدا و گەشەدەكات و پێدەنێتە ژیانەوە. ئەم شوێنانە بوی دەبنە ڕەو ڕەوە و دارە دارەی پێدەكەن و وەڕێی دەخەن. هەر بویە خۆمان و زمانەكامان سەرەتا زۆر قەرزداری ئەو سێ شوێنەین و ئەگەر ئەوان زوو مشووریان لێ نەخواردایەن، ئێستا لە ئەدبی كلاسیكیش‌دا بێ بەش و دەم لە پووش دەماینەوە.
بەڵام ئەگەر ئێستا ئێمە، بەراوەردێك لە نێوان ئەو دوو مێژووەی دواییدا ـ حوجرە و مەدرەسە‌دا ـ بكەین دەبینین و دەزانین، چەندەی گۆڕان بە سەردا هاتووە و ئەو گۆڕانانەش هەتا چ ڕادەیەك خزمەتیان بەم زمانە كردووە. بە دڵنیاییەوە ئەگەر زمانی نووسینی ئێمە ئەم دووڕەوتەی تەی نەكردایەت، بێ گومان ئەوە زمانێكی نەخۆش و لاواز و پەك كەوتەمان دەبوو، ئێستا دوا هەناسەكانی مان و ژیانی خۆی هەڵدەكێشاو لە ئاویلكەدان و مردندا بوو.
ئەم قۆناغ بەندییە لە دنیای شێعری كوردیدا بە جوانی دیارە و پلە بە پلە، هەم لە باری نێوەرۆك و هەم باری داڕشتن و چۆنیەتی كەڵك وەرگرتن لە ڕۆحی ئەدەب لە زماندا بە جوانی هەست پێدەكرێت. دەبینین كە ئەو زمانە حوجرەیی و نێوە دیوە خانییەی، خانی و نالی و سالم و كوردی مەحوی پێیان نووسیوە، زۆر جیاوەازە لەو زمانە خەڵكییەی سەیفۆلقوزات و دوایەش هەژار و هێمن و نووری و ڕاوچی شێعری پێ هۆندۆتەوە. ئەو دوو قۆناغە دوو مێژووی جیاوازن لە ئەدەبی شێعری كوردی‌دا و دەبینین لەو ماوە زەمەنیەدا، چەندە گۆڕان بەسەر زمان و نێوەرۆك و شێوەی دەربڕین‌دا هاتووە.

ئەی قەلعەیی ماهم كەدەڵێی ئەوجی برووجی
وەی قوللەیی دووری كە دەڵێی قامەتی عووجی
وەك قافی زەمین قابیلی ئیمكان و تەرەققی
وەك بورجی سەما لایەقی ئیقباڵ و عورووجی

باغان دابنێن، داران بنێژن
نەجیب و ئەسڵن، كۆن و لەمێژن
ئەگەر لەم سەردەمەشدا، بەراوەردێك لە نێوان یەكەم ڕۆمانی كوردستان، «پێشمەركە» و دواڕۆمانی‌دا « گاپۆڕ» بكەین، دەزانین لە نێوان ئەو پەنجاو هەشت ساڵەدا، ١٩٥٧تا ٢٠١٥ دەبینین ڕەوتی گۆڕانەكە وەك شێعر زۆر بەرچاو نییە و هەر لە سەرەتای نووسینی پەخشانەوە، گرینگی دراوە بەزمان. هەم ڕۆمانی « پێشمەرگە» و هەم كۆچیرۆكی، «پێكەنینی گەدا» خاوەن زمانێكی پاراو و خۆماڵین و سێبەری زمانی بێگانایان بە سەرەوە نابیندرێت، ئەگەر هەشبێت زۆركەمە و ئاسایین. پەخشانی كوردی ــ بەتایبەت لە بواری ئەدەبیدا ــ هەر لەسەرەتاوە بە ڕۆحێكی نەتەوەییەوە لە دایك دەبێ و نووسەرانی ئێمەش بە بەرچاو گرتنی هەنگاوەكەی سەیف بۆ ڕێزگرتن لە زمانی پاڵاوتە، بە چاوكراوەییەوە پێدەنێنە ئەو ڕێبازەوە.
زمانی داڕشتن لە نووسراوەكەی دوكتور ڕەحیم‌دا، زمانێكی ئاسایی و خۆماڵییە و هەوێنی ڕستەكان لە زمانی خۆماڵییەوە سەر چاوە دەگرن و ڕەستەگەلی جوان و پتەوی ئەدەبین.
« كاكە سوار بەوەی زۆر بە زەردەخەنەوە كوتی:
ــ جامیرزا قۆیتاس ئەتۆ كەسێكی هاوبیر و هاوڕێ نەبێ بۆ ماڵی ئێمەی ناهێنی.ئەمن هەر بەوەی چاوم پێیان كەوت دەست بەجێ زانیم هاوڵ و هاوڕێ و هاوبیری ئێمەن و هەستی نیشتمان پەروەری بۆ ئێرەی هێناون. زۆر زۆر بە خێر بێن.»
ڕووداو و چیرۆكی هەوێنی ئەم ڕۆمانە بۆ ئێمەی كورد ڕووداو چێرۆكێكی شیرین و مێژووییە و سەرەڕای ئەوەی زمانەكە تا ئەو كاتە، لەو بوارەدا كەمی كارو خزمەت پێكراوە، زمانێكی شیرین و لەزاران خۆشە.
دیارە ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر سەرنج و گرینگی پێدان بە زمان لە لایەن نووسەری ڕۆمانی « پێشمەرگە» و خزمەتێكی گرینگە بە زمانی پاراوی كوردی وهەنگاوەكەی دوكتوڕەحیم، لە جێی خۆیدا هەنگاوێكی گەورە و مێژووییە لە ئەدبی كوردی‌دا و ئەویش لە بەستێنی پەخشاندا هەر ئەو دەورە دەگێڕێت كە سەیف لە شێعردا گێڕاویەتی.
زەمانی ڕۆمانی « گابۆڕ» هەنگاوێك بەرەو پێش دەچێ، دەقێكی پاك وباراشی زمانی كوردییە و ڕستەكانی كامڵ و تەواون و داڕشتەی زمانی ئەو ڕۆمانە، پڕە لە فانتزیا و جوانكاری زمانی و لێرەدا، زمان دەبێتە زمانێكی ڕەوان و وەك تاڤگەیەك خۆ هەڵداوێ و دەڕژێتە نێو هەست و دەروونی خوێنەرەوە و بەو زمانە شیرین و ڕەوانەوە، دەستی خوێنە دەگرێ و دەیباتە بەر ئاوێنەیەكی باڵانوێنی گەش و خاوێن و مێژوویەكی دیار و پڕ لە كەند و لەند و ئاڵۆزی لە چوارچێوەی ڕۆمانێك‌دا بۆ دەگێڕێتەوە.ئاواتەكانی كاك سولێمان و متەللیب و ڕێبوار و كەریم، دەكاتە بەهانە و چیرۆكی ئازار و وێرانی ترس و دڵە خورپەكانی نەتەوەیەكمان، بۆ دەگێڕێتەوە. لەو سەر دەمە‌دا كە ئاوات و ویستەكانی هەموو مرۆڤەكان لە كوشتارگاكاندا، بە دەست و چەقۆی سەیدە سوورەكان، سەردەبڕدران و تێدا دەچوون و جەرگیان بە تەندووری ئازار و ژانەوە دەبرژێندران.
« گابۆڕ» لە گابۆڕ دانە بۆ سەردەمی ئاواتە خنكاوكان و ئەوینە لە دار دراوەكان. لە گا بۆڕدانە بەدەم ئازاری برینی پڕ لە چززە و برژانی گوللەی تۆپ و تفەنگ و هەڵات هەڵات و ئاوارەیی و كۆچ و لێك هەڵبڕان و بزر بوونی هیواكان و لە گۆڕنانی خولیا خۆشەكانی ژیان و لە ژێر پێ نانی، ئەو ئارەزووانەی ڕۆباری خوێنیان بۆ وەڕێ كەوت و لە ئاكام‌دا بە دەم سەمای گریان ووایلۆكەوە، بە دەنگی هاوار و گابۆڕ لە گۆڕ نران و لاپەڕەیەكی خۆلەمێشی بەسترا و لاپەڕەیەكی ڕەش هەڵدرایەوە.
نووسەر لەم ڕۆمانەدا سەرەڕای ئەوەی لە زمانێكی ڕەوان و پاراو كەڵك وەردەگرێت، سەرنجیش دەداتە لایەنی هونەری گێڕانەوە و شێوەیەكی نوێی داڕشتن و گێڕانەوەی هێناوەتە نێو دەبی كوردییەوە. هەموو قسەكانی ڕاستەو خۆ لەزمانی پاڵەوانەكانەوە دەگێڕێتەوە وخوێنەر و نووسەر زیاتر لە دوو گوێگر دەچن كە لە بەرانبەر سەكۆی شانۆیەك‌دا دانیشوون و گوێیان بۆ بەسەر هات و ڕووداوەكانی شانۆۆیەك ڕادەگرتووە. ئەوەی زمانی گێڕانەوەكەی بەدەستەوەیە ڕەوتی بەرەو پێش چوونی چیرۆكەكەیە، ئەوە دەدوێ و دەگێڕێتەوە و وێنادەكات. نووسەر لەو ڕۆمانە‌دا نەبۆتە خودایەكی بەدەسەلات و سنگی لە سەر هەموو ڕووداوەكان دانەناوە و زۆر ژیرانە، لە گەڵ چیرۆكەكەدا جووڵاوەتەوە و بە ئارامی لێدەگەڕێت خوی خوی پێناسەبكات و زۆر جار خوێنەر هەست بەبوونیشی ناكات. هونەری گێڕانەوەی نووسەر لەوەدا بەرجەستە دەبێ كە بە یارمەتی چەند منداڵێكی كەم تەمەنی كاڵ، باسێكی قورس و ئەستوور و بەتەمەن و خولیا و ئاواتی سەردەمێكی ئاڵۆز و هەتا ڕادەیەك نادیار لە ئەدەبێ كوردیدا، دێگێڕێتەوە.
نووسەر بۆ گێڕانەوەی ئەو ڕۆمانە، تێ هەڵكێشێكی لە ڕۆمان و شانۆ ساز كردووە و لە زاری ئەم تێهەڵكێشەوە، مێژوویەكی پڕ لە چڵ و چێو و وردە خیزو بەردمان بۆ نێیسكە شۆر دەكا و لە سەر سفرەی نەوەكانی ئەمڕۆی دادەنێت. ئەگە شێركۆ شێعر و پەخشان و شانۆی لێك گرێدا، ئەوە سەید قادریش، شانۆ و پەخشانی لێك گرێ داوە و كارێكی نوێ بە ئەدەبێ گێڕانەوەی كوردی پێشكەش كردووە.
نووسەر چوار شوێن، نێو شار، نێو قوتابخانە، پازگا، كوشتارگا، بۆ گێڕانەوەی چیرۆكە مێژووییەكەی هەڵدەبژێرێت و لەوێوە بنەمای كارەكەی دادەڕێژێ و تێكەڵ بە زەین و بیری خوێنەر دەبێت.
یەكەم- نێوشار
شار بە پێی ڕەوتی ڕۆمانەكە لەو سەردەمەدا پڕبووە لە كپی وترس و دڵە كوتێ و دەنگی دەسڕێژو تۆقاندن. ناخۆشی و دڵ ناخۆشی باڵی بەسەر شاردا كێشاوە و لە سەر لەبەر ئەو ڕۆمانەدا، باسی چوونە سەر شایی و چوونە نێو پارك و سەیران و میوانی و شەونشینی تێدانییە و خەم ودڵە كوتێ و گرتن و بەدارداكردن و كوللە بارانكردن، شەپۆلان دەدا. یەك مامی و یەك برای، یەك خاڵی، كوژراوە و تەنانەت داڵی ترس ئەوەندە زاڵە، وێنەی شەهید و كتێبەكانیش لە ژێرخانەكاندا شاردراونەتەوە و سووتێندراون.
دووهەم- قوتابخانە
لە قوتابخانەش‌دا ترسی دەسەڵات زاڵە و هژموونی و ددانە چیڕێ كردنەكەی قوولە دەكا و، بەردەوام بە هۆی دەست و پێوەندەكانییەوە، خەریكی لە قالب دان و بەیدەست كردنی بیر و زەینی منداڵانە و ئەوەندەی پازگا و بنەماڵەكان، ترس و ئازار دەكەنە دەروونی منداڵەكانەوە، ئەوەندەش قوتابخانەو ئاغای خۆشڕووەكان، بە ڕووی تاڵەوە ژیانی منداڵییان لێ تاڵ دەكەن.
سێهەم – پازگا
پازگا شوێنێكی دیكەیە كە لەم ڕۆمانەدا وەك ناوەندی زۆرداری و هژموونی دەسەڵات باسی لێوە دەكرێت، ئەو شوێنەی ڕەمزی ددان و شفرەی دەسەڵاتە و بە هۆی ئەوەوە نیرو كۆتەكانی خۆی لە مل و پێی خەڵكی گرێ دەدا و هژموونی خۆی دەسەپێنێت. هەر بە هۆی لایەنی ئەمنییەوە، چوونە ئەودیو كارێكی ئاسان نییە و نوسەر هیچ وێنەییەكمان لە نێو پازگاوە پێ نیشان نادا و هەر بۆیە لە دیوی دەرێ‌ڕا لێی دەڕوانێ و وەبەر زەین و گوێی خوێنەری داخات. نگابانەكانی سەر سەربان و بەر درگاكە، كاریان تەقە ودەسڕێژ و هەڕەشەو بێ ڕێزییە. پازگاو قوتابخانە دوو شوێنن، كە دەسەڵات بە هۆی ئەوانەوە، خەریكە ڕۆدێتە قولاپە و هزری مرۆڤەكانی شارەوە.
چوارەم- كوشتارگا
جوانەگایەكی بە دەماغی زەلامی سەروەشێن، كوپارەی ملی باوەشێك دەبوو بە كۆتێكی ئەستوور لە مل دا، وەژوور كەوت. سێ چوار كەسی تێڵا بەدەست ئەملاولایان گرتبوو. لەكەڵكوو جوانەگا چاوی بەو هەموو كەلاكە هەڵواسراوە و بەو هەمووە خوێن و خوڕ و ورگە هەڵدڕاوە و بەو هەمووە جەرگ و دڵ و سەرەبڕاوە كەوت، یەك بەو كوشتارگایە بۆڕاندی. تەواوی مانگا و جوانەگا و گوێلكەكانی دیكەش یەك بە دوای یەك دا دەستیان كرد بە بۆڕاندن.
لەم بەشە سەمبولیكەدا، كەنێو نێوە دراوە بە دەم ڕۆمانەكەوە لایەنێكی زۆر گرینگی ڕۆمانەكەیە. گێڕانەوە مانایەكی دیكە بە خۆیەوە دەگرێ و لە نێوان ڕستە و وشە ڕواڵەتییەكاندا، هەندێك مانای قووڵ خۆیان حەشارداوە وخوێنەر دەخەنە بەر پرسیاری گرینگ و لێ وردبوونەوە. ئەم جوانەگا یاغییە سەر بزێوە هەر وا ئاسان خۆی بۆ چەقۆ و مردن شل ناكات و، هەوای ژیان و مانەوەی لە سەر دایە و بە ئاسانی سەر بۆ كوشتارگا و سەیدەسوورە دانانوێنێ و بە پشت بەستن بە توانا و هێزی خۆی، بە دژی میرغەززەبێكی وەك سەیدەسوورەشدا دەچێت و چەقۆ و چەقلوور و خوێن و مردن دەبەزێنێ و درگای زەبوونی و سەردانەواندن تێك دەشكێنێ و لە نێو كفارەی خوێن وكەوتن و نەمانەوە، هەڵدەستێتەوە و بە سەر تەرمی مێرغەززەبەكەیدا، هەنگاو هەڵدێنێتەوە وخۆی دەخاتە ئامێزی ژیانەوە. بەدوای هاتنەدەرێی ئەویش‌دا، دەنگی ناڕەزایەتی و هاواری گوێلەكەكانی دیكەش یەك بە دوای یەكدا بەرز دەبێتەوە.
ئەگەر لەدەرەوەی ئەو بەشەدا خوێنەر تەنیان لە گەڵ ڕووداوگەلی ئاسایی و ژیانی كۆمەڵگادا ڕووبەڕووە، ئەوە لەویدا تێكەڵ بە دنیایەكی دیكە لە گێڕانەوە دەبێ و وشەكانی، مانگا، چوانەگا، گوێلك، قەساب و سەللاخ، كەوڵ كردن و زمان بڕین چاو دەر هێنان ، مانای‌تر بە خوە دەگرن و لە وشەكان لە قاموسی بوونی خۆیان یاغی دەبن و دەبنە سەمبولی شتگەلی دیكە. سەر بڕینی وڵاخەكان بەر لە تاوكەوتن و دوای بانگدانی بەیانی، ئاماژیە بۆ زۆر باسی گرینگی نێو ئەم وڵاتەی ئێمەو زۆر ڕووداوی دڵتەزێنمان بیر دێننەوە. هەموو ئەوانە لەو كوشتارگایەدا دەبیندرێن. سەر بڕین و كەوڵ كردن و خوێن ڕشتن و زمان بڕین و چاو دەرهێنان. لەم شوێنەدا زمان بڕین و چاو دەرهێنان گرینترن لایەنی سەمبولیكی ئەو بەشە پێگدێنن و ئەو دوو وێنەیە لە ماكە سەرەكییەكانی كوشتارگان.
ئەگە خوێنەر بە شوێن ئەو مانایانەدا بگەڕێت كە لە نێو ئەو ڕستانەدا چوونەتە خوززەوە و خۆیان حەشارداوە و جوانییە ماناییەكانی لێ هەڵبیێنجێت و تامی كاكڵەیكەیان بكات، ئەوە دەبێ بە جوانی لەو بەشەی ورد بێتەوە و بە چاوی ڕۆح و چرای بیر بیخوێنێتەوە. تێكەڵ كردنی دەنگی گابۆڕ و حەپەی سەگەل و ئاوازی بانگی بەیانی لەو بەشەدا، جێی سەرنج و لێ وردبوونەوەیەو خوێنەر دەخاتە نێو شەپۆلانی خەیاڵ و ڕایدەگرێت و سەری پڕ دەكەن لە هێمای پرسیار.
گرینترین پرسیارێك كە لە دوای لە دایك بوونی هەر بەرهەمێك دەكرێت ئەوەیە، ئەم بەرهەمە خاوەن چ تایبەتمەندییەكی سەر بەخۆیە و چ شتێكی لەوانی بەری خۆی جیاوازە و چ كەلێنێك لە كەلێنەكانی ئەو ژانر و زمانە پڕدەكاتەوە و خوێنەرەكانی ئەو دەقە، چ ئاڵوو گۆڕێكی تازەی تێدادەبینن.
خوێنەر لە ڕەوتی خوێندنەوەی ڕۆمانەكەدا بۆی دەردەكەوێت، كە زمانی گێڕانەوە و تكنیكی نووسینی ڕۆمانی، « گابۆڕ» زمان و گێڕانەوەیەكی تەوا و تایبەت و جیاوازە، كە لە لایەن نووسەرەوە پێشكەش بە ئەدەبی ڕۆمان نووسی كوردی كراوە. بەتایبەت لایەنی تكنێكی گێڕانەوەكەی، ئەم شێوە گێڕانەوە ـ واتە تێكەڵ كردنی شانۆ و ڕۆمان لە دەقێكی یەك گرتوودا ـ لە زمانی كوردی و تەنانەت زمانە زیندووەكانی دنیاش‌دا، كە سەدان ساڵە لەو بەستێنەدا كار دەكەن بێ وێنەو جیاوازە و ئەوەش دەسەلمێنێ كە ڕۆمانی كوردیش تێكەڵ بە دەریای ڕۆمان نووسی جیهان بووە و دەتوانی نموونەی نوێش پێشكەشی ئەو ژانرە جیهانییە بكات و ئێمەش دەتوانین خۆمان و ئەدەبە كەمان، بە بە شێك لەو دەریا مەزنە بزانین.
زۆر جار وشەگەلێكی وەك: كوتم، كوتی، كوتم كوتی، كوتی كوتم، زۆر بەر چاو دەكەون. ئەم دووپاتە بوونەوانە لە سەرەتاوە لەوانەیە وەك لایەنێكی لاواز چاوی لێ بكرێت، بەڵام كە خوێنەر تێكەڵ بە ڕەوتی گێڕانەوەكە دەبێ و دانە دانە كەسایەتییەكانی دەناسێ، هەست بە جوانكاری لە گێڕانەوەكەدا دەكات و دەزانی كە ئەوە بەشێكی گرینگە لە جوانكاریی گێڕانەوەی ئەو ڕۆمانە.
« دەیكوت كوتی ئەو كەچە كتێبانە چین لەنێو كتێبەكانی مەدرەسەدا، كوڕ؟ها؟
دەیكوت زمانم شكا. هیچ ڕێگایەكی درباز بوونیش نەبوو. دەیكوت كوتم هی ئاواڵەكەمن.
دەیكوت كوتی كامە ئاواڵت؟
دەیكوت كوتم پێموانییە تۆ بیناسی هاوكلاسمە.
دەیكوت كوتی نێوی چییە؟دەیكوت نەمدەزانی بڵێم چی، لەخۆوە نێو و شۆرەتێكم كوت،ئەحمەدی محەمەدی.
دەیكوت كوتی نێوی باوكی ئەحمەدی محەمەدی چییە؟
دەیكوت كوتم نازانم.»

ئەم شێوە گێڕانەوە، خوێنەر و نووسەر لەلایەك و كۆمەڵێك ئەكتەر لە سەر سەكۆی شانۆیەك بەرانبەر یەك دادەنێ و كەسایەتییەكانی نێو ڕۆمانەكە، گیانیان بەبەردا دەكرێ و ڕاستەوخۆ ڕووداوەكان بۆ نووسەر و خوێنەر دەگێڕنەوە. ئەم شێوە دیالۆگانە لایەنی شانۆیی ڕۆمانەكە دەوڵەمەند دەكەن و تكنیك و شێوەی گێڕانەوەكەی بەرز دەكەنەوە.
گرینگ ئەوەیە، خودای ئافرێنەری ئەم ڕۆمانە، واتە نووسەر، بە تەواوی وەنە و نەبۆتە زانای مەزن و دەست لە هەمووكارەكان وەرنادات . خۆی بە تەواوی وەلاناوە و چۆتە پشت كەسایەتییەكانەوە، ئەوەی دەدوێ و خوێنەر لە نزیكەوە پێوەندی لەگەڵ دەگرێ و هەستی پێدەكات، ڕەوتی چیرۆكەكەیە و كەسایەتییەكان و ڕووداوەكان شەن و كەودەكەن و نووسەر دەست لە كارەكانیان وەرنادات. نووسەر زیاتر وەك دەر هێنەری فیلمێك دەردەكەوێ، كە لەویش‌دا بێنەری وریا هەست دەكات ئەو ئەكتەرانە دەرهێنەر دەیان بزوێنێ و ئەوەی ئەو نێڵێت نابێ، لەو دەقە نووسراوەش‌دا، هەر ئەوە خوێنەری وریایە هەست بە بوونی نووسەر و دەوری ئەو لەو دەقەدا دەكات. هەر چەندە خوێنەر لە هەموو دەقێك‌دا نووسەر لە پشت قەڵەمەكەوە دەبینێت، بەڵام نووسەر لەم دەقەدا بوونێكی زۆر دووری هەیەو جار جار وەك سێبەرێكی كاڵ هەستی پێدەكرێت.
ئەگەر دەڵێ: نێوی ناخۆش لە منداڵەكانتان مەنێن، ئەوە بە پێی ڕەوتی چیرۆكەكە دەیدركێنێ و بۆ خۆی لە بەر زەینی خوێنەردا قوت نابێتەوە و دەست ناكات بە مەوعیزەكردن و تیلاوك تێكرتن. ئەگەر دەڵێ: ڕێز لەزمانەكەتان بگرن، لە ڕۆحی چیرۆكەكە یارمەتی وەردەگرێ و ئەو دەكاتە سەكۆیەكوو، دەنگی خۆی لێوە هەڵدەبڕێت. ئازارەكانی متەللیب، ئازارە دەروونییەكانی هەزاران منداڵن، كە بەدەست دایك و بابە ترسەنۆك و خۆپارێزەكانەوە دەناڵێنن.
دوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بۆمان دەردەكەوێت ئەوە خۆهەڵكوشین و وشەی ڕەق و زمانی ئاڵۆز نییە، بەرهەمێكی جوان شیرین وقورس و بەنێوەرۆك دەنێتە بەر دەستی خوێنەر، بەڵكوو ئەوەی نووسراوەیەك جوان دەكات، خۆ نزیك كردنەوە لە دەرونی خوێنەر و تێكەڵ بوونی بە هەست و خولیاكانییەتی و ئەگەر نووسەر بتوانێ لایەنە دەروونی هەسیارییەكانی كۆمەڵگاكەی بە جوانی بناسێت، ئەوە دەشتوانێت، بەرهەمی بە پێزو چوان بۆ ئەدەبەكەی و گەلەكەی بئافرێنێت.
سەید قادر بە وریاییەوە سەرنجی داوەتە لایەنە دەروونییەكانی كۆمەڵگاكەیو باسی ئازارەكانی كردووە و لە ئاوێنەیەكی ڕووندا، وێنەی خۆیانی پێنیشان داون و لە ئاوی لێڵ‌دا، ماسی بۆ نەگرتوون.

سەرچاوەكان:
۱-دیوانی نالی، مەلا عەبدولكەریمی مودەڕس. سەلەحەددینی ئەیوبی
۲-پشمەرگە، ڕەحیم قازی، بنكەی تیشك چاپی دووهەم ١٣٥٩
۳-دیوانی سەیفولقوزات، ئەنوەرسوڵتانی، حەسەن قازی، بنكەی ژسن سلێمانی ٢٠٠٨
۴-گابۆڕ،سەید قادر هیدایەتی،پەخشانگەی گوتتر، ١٣٩٤

دسته بندی: جامعه, فرهنگ و هنر برچسب ها:

به اشتراک بگذارید :

مطلب قبل و بعد
مطالب مشابه

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد