نووسینی: ناسرکەریمی – بۆکان ئەوەندەی گوێ دەگرم و دەبیستم زۆر کەس باس لەوە دەکەن کە هونەر کەلتوور دەپارێزێ وهونەر زەمان دەپارێزێ و … بەڵام بەداخەوە کەس هونەر ناپارێزێ، ئێستاش هونەرمەند وەک کەسایەتێکی خراپ کار ناو و ناتۆرەی بە دواوەیە و بەر توانج و تەشەر دەدرێ. لە کۆمەڵگای ئێمەدا هونەر ڕێزی لێ ناگیرێ هیچ بەڵکوو پێ […]

نووسینی: ناسرکەریمی – بۆکان

ئەوەندەی گوێ دەگرم و دەبیستم زۆر کەس باس لەوە دەکەن کە هونەر کەلتوور دەپارێزێ وهونەر زەمان دەپارێزێ و …
بەڵام بەداخەوە کەس هونەر ناپارێزێ، ئێستاش هونەرمەند وەک کەسایەتێکی خراپ کار ناو و ناتۆرەی بە دواوەیە و بەر توانج و تەشەر دەدرێ. لە کۆمەڵگای ئێمەدا هونەر ڕێزی لێ ناگیرێ هیچ بەڵکوو پێ خوستیش دەکرێ، ئەوەی لە بواری هونەردا ئیش بکا کۆڵەوار و ماڵ وێرانە. ھونەرمەند، ژیان قەت بە دەمیەوە پێ ناکەنێ، هەژاری هەمیشە میوانی ماڵە هونەرییەکەیەتی، ڕەنگە لە بەر ئەوە بێ دەڵێن گەنج لە وێرانەدایە!!
بە داخەوە لە ناو ئێمەی کوردا هونەر و هونەرمەندی باش و ڕاستەقینە هەرگیز جێگە و پێگەی خۆیان پێ نادرێ!
بەڵام ئەوانەی خۆیان بە هونەرەوە هەڵدەواسن و بە مسقاڵە زەڕە هونەریان تێدا نییە، گرینگێکی تایبەتیان پێ دەدرێ چونکە ئەوان بێ عارن و خۆیان هەڵدەکێشن و درۆ دەکەن، بە بێ هونەری لە هونەر کەڵک وەردەگرن و ماڵ و سامان وە سەر یەک دەنێن و جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی وەدەست دێنن، کاتێ بەو جێگەیەش گەیشتن قسەیان شوێن دانەر دەبێ. ئیتر ئەو کات ئەوانیش بە کەیفی خۆیان گێرە دەکەن و دەفەوتێنن و دەڕووخێنن، پێشینیان باشیان فەرمووە جا وەرە و «دووگ بە پشیلە بسپێرە». کەسێک هونەرمەند نەبێ بەڵام خەڵک وەک هونەرمەندی گەورە و خاوەن بەهرە لێی بڕوانن. ئەویش ڕاستییەکەی لە بیر دەچێتەوە و باوەڕی بەوەیە کە خەڵک دەیڵێن، ئەو کات خۆی هەڵدەمسێنێ و بەر چاوی خۆی نابینێ، هەژار گوتەنی «خۆی بە سەر بەستەزمانان دا بە هەیبەت دەکا».
دەڵێن هونەر گۆڕان بە دی دێنێ بەڵام میللەتێک هونەرمەند و بەهرەی باش نەناسێ و بەرهەمی باش و بە پێز نەخوێنێتەوە و گۆیی لێ نەگرێ، گۆڕان و گەشە سەندن لە نێویدا وەک جنۆکە هەمیشە غەیبی دەبێ و هەرگیز خۆی لێ ئاشکرا ناکا.
پیم وایە چوومە پەڕاوێزەوە و هێندێکم لادا لەو مەبەستەی کە لە مێشکمدایە و دەمویست باسی بکەم، هەر چەند ڕەنگە بێ مانا و بێ کەڵکیش نەبێ و پەیوەندی بە باسەکەمانەوە هەبێ.
لێرەدا دەمەوێ باس لە سەر کەسایەتییەکی هونەری بکەم کە لە بوارێکی هونەردا کار دەکا؛ زۆر بە کەمی قسەی لە سەر کراوە یان هەر نەکراوە، ئەم قسەیە ئەگەر بۆ دونیا ڕاست نەبێ لە سەر نەتەوەکەی خۆمان بە تەواوی ڕاست و درووستە.
ئەو بوارە بەشێکە لە مۆسیقا بە ناوی ریتم یان زەرب. زەرب زۆربەی مۆسیقی زانەکان وەک باوکی مۆسیقی ناودێری دەکەن. بەلاتانەوە سەیر نییە باوکێک قسە لە سەر منداڵەکانی بکرێ بەڵام بۆ خۆی هەمیشە وەک سەربازێکی ون بێ ناو نیشان بێ. ئەوە قسەی مۆسیقی زانەکان بوو کە دەڵێن زەرب باوکی مۆسیقییە بەڵام من دەڵێم یاسای مووزیکە، دڵی مووزیکە، لەنگەری مووزیکە، کۆڵەکەی مووزیکە، چونکە ئەوە زەربە دەس پێ دەکا و هەموان هاوڕا دەکا، هەر زەربیشە هەموان ڕادەگرێ و کۆتایی ملۆدی ڕادەگەیەنێ، ئیتر بۆچی ئەم بەشە لە مووزیک وا پشت گوێ خراوە و بە فەرامۆشی سپێردراوە بەلامەوە سەیرە! هەزار داخ و مخابن… ئێمە وا خوومان گرتووە هونەرمەند تا نەمرێ باس لە هونەر و نرخی هونەرەکەی ناکەین، لەگەڵ ئەوەی بە سەدان جار ئەم ڕەستەیەمان دووپاتە کردۆتەوە که¬چی هەر لە سەر ئەو ئاکارەین، ئەو هونەرمەندەی زیندووە لە بەر چاومان تاڵە و بەخیلی پێ دەبەین، هەتا ئەو جێگایەی بۆمان بکرێ دەیشکێنین و دەیڕووخێنین، هەر ئەو دوژمنەشمان کە مرد پێیدا هەڵدەڵێین و لە کایەکی کێوێک ساز دەکەین. ئیتر لێرەدا دەمەوێ زیادەڕۆیی نەکەم و ئەو کەسەی مەبەستمە بۆتان ئاشکرا بکەم، ئەویش کەسێک نییە جگە لە کاک سمایلی کۆچەری. بە بڕوای من لە ناوچەی موکریان دا دوو کەس توانیویانە زەربەکانیان ئاسمانی بکەن کە یەکەمیان عەبە چکۆلە. بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئەویش وەک زۆربەی هونەرمەندان بە بێ نازی سەری نایەوە و بە دەردی سەربازی ون چوو. ناوی عەبە چکۆل لەوانەیە بۆ هەموو کەس ناسیاو بێ، عەبە چکۆل و تۆم و تەکەکانی و پەنجە شیرین و وردەکانی لە بیر و هزری هەموان دا هەمیشە ھەیە و دەداتەوە.

عەبە چکۆل


کە واتە عەبە چکۆل نەمردووە و هەر دەم زیندوە و دەژی. لە هەناسەکانی ڕەزازی و برایمی فەتاحی و برایمی قادری و عەبە دەڕژێ و سەید عەلی سەردەشتی و سەفاییەوە جارێکی تر سەرهەڵدەداتەوە و لە گەڵ ڕووحماندا تێکەڵ دەبێتەوە و بە پەنجە ناسکەکانی دیواری وشە جوانەکانی گۆرانی هەڵدەچنێ. لە سەر گۆڕەکەی موزار نووسراوە «موزار نەمردووە،فه¬رموو گوێ راگرن». ئێمەش دەڵێین دەنگی زەربەکەی عەبە چکۆل دێ، گوێ هەڵخەن هاها… .
دووهەمین کەس سمایلی کۆچەرییە. کاک سمایل لە مێژە لە گەڵ زەرب ئاوێتە بووە و کردوویەتە بەشێک لە ژیانی خۆی، سمایلی کۆچەری و زەرب ئاوەڵدوانەیەکن کە هەرگیز لێک جیا ناکرێنەوە، هەر کاتێ ناوی سمایلی کۆچەری ببیستی خێرا کەسێکت بە زەربێکەوە دێتە بەر چاو، ئەوان بە یەکەوە ژیاون و گەورە بوون، خەم و ئازارەکانی یەکتری دەناسن، لە یەکتر تێدەگەن و بۆ یەکتر دەدوێن، لە گەڵ یەک پێدەکەنن و پێکەوەش دەگرین.
ئەو دۆستایەتییە دێرینەیە کە توانیوێتی ئەو هونەرمەندە مەزن و بە کەڵکە بەدی بێنێ و سیحر و ئەفسوون بخاتە ناو پەنجەکانییەوە و سەرنجت ڕابکێشێ و جۆش و خرۆش بە دڵەکان ببەخشێ.
کاتێک کاک سمایل زەربەکە لە ئامێز دەگرێ و پەنجەکانی لە سەر چەرمی زەربەکە وەسەما دەخا، حەز دەکەی دوو چاوی¬تر قەرز بکەی و سەیری بکەی. حەز دەکەی بە قووڵی گوێی لێ بگری و هەناسەکانت تێکەڵاوی تۆمەکانی کەی و تێکەڵاوی هەستی بی و لە گەڵی بفڕی بەرەو بەرزاییەکان و خۆت لە بیر کەی و ببی بە یەکێک لە پەنجەکانی ئەو.
پەنجەکانی کاک سمایل ئەوەندە بە نەزم و رێک و پێکن دەلێی سەربازن ڕێژە دەڕۆن، هەموویان تۆمی گەورە لە ژێر پێی خۆیان دەگرن.

سمایل کۆچەری


بە داخەوە نازانم ئەم وتە بە نرخەهی کێیە کە دەڵێ: «باوەر بە خودی نووسەرەکە مەکەن نووسراوەکانی بخوێننەوە». ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە هونەرمەندیش هەمیشە هونەرمەند نییە. ئەویش وەک خەڵکی¬تر دەڕوا و دەخوا و دەخەوێ و… بەڵام ئەو کاتانەی هونەر پێشکەش دەکا گۆڕانی بە سەر دادێ و ڕۆحی ڕووت دەبێتەوە و غەوری تێدا نامێنێ و لە گەڵ پاکی ئاوێتە دەبێ و بەرز دەبێتەوە و لە مرۆڤایەتی تێدەپەڕێ، ئەو کاتەیە کە هونەرمەند خۆی لە بیر نامێنێ و دەبێتە بەشێک لە هونەر، لە ڕاستیدا هەموو کەس ناگاتە ئەو ئاستە لە هونەر مەگەر کەسێک هونەر ببێتە خۆراکی ژیانی.
من بۆخۆم جار و بارە دەم لە گۆرانی دەکوتم و لە گەڵ زۆر ژنیاری تری زەرب گۆرانیم چڕیوە بەڵام هیچ کامیان وەک کاک سمایل نەبوون. ئەو ئارامی و ئاسوودەییەی کاک سمایل پێت دەبەخشێ لای کەم کەس دەس دەکەوێ. چونکە کاک سمایل بە ڕۆح تێکەڵاوی گۆرانییەکە و هەستی گۆرانیبێژ و ژەنیاران دەبێ.
کاک سمایل وەک بۆ خۆی دەڵێ لە ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی لە شاری بۆکان لە بنەماڵەیەکی هەژار و کەم داهات لە دایک بووە و دەستی بە ڕەوڕەوەی ژیانەوە گرتوە و خۆی پێ سپاردووە.
هەر لەم شارە خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە و لە دووهەمی ناوەندی دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و بەرەو کار و کاسپی ملی رێگای گرتووە. هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە دووچەرخە سازی و شاگرد شۆفیری و کرێکاری و دەس فرۆشی و… کردووە.
بۆ خۆی دەڵێ لە منداڵییەوە شێت و شیدای زەرب بووم، کاتێک لە کۆڕ و مەجلیسێک یان لە زەماوەندێک کەسێکم دەدی زەرب لێ دا لە پەنای دا دەبووم بە پەیکەرە و کت و مت ڕادەوەستام و سەیری دەست و پەنجەیم دەکرد و دەمکوت ئاخ خۆزگە من بوایەم لە جێاتی ئەو کابرایە.
کاک سمایل دەگێرێتەوە؛ عەبە چکۆلی ڕەحمەتی دووکانێکی نەوارفرۆشی هەبوو، چونکە ئەو خوێندەواری نەبوو، نێوەکانی بۆ نەدەنووسرا و نەدەخوێندراوە. منی گرت هەتا لە دووکان کاری لە گەڵ بکەم، جارێکی لە گەڵ خۆی بردمی بۆ تاران بۆ کڕینی کاسێتی خاڵی، لەوێ چاوم بە تێمپۆیەک کەوت، تکام لێ کرد بۆم بکڕێ، ئەویش دڵی نەشکاندم و بۆی کڕیم، ئەو تێمپۆیە بوو بە هەوێنی فێر بوونی من، ئیتر هەموو ئێوارانە چەند کاسێتێکم لە کوردی و فارسی لە گەڵ خۆم دەهێناوە بۆماڵێ و تا درەنگانێکی شەو گوێم دەگرت و پرۆڤەم دەکرد.
پاشان بە بۆنەی چەن دۆستێکەوە لە گەڵ کاک رەشیدی فەیزی نژاد ناسیاویم پەیدا کرد و لە لای ئەو بە باشی میزانەکانم ناسی.
کاک سمایل فەرمووی؛ منداڵ بووم مامۆستا حەسەن زیرەک کە رەفیقی باوکم بوو، بۆرە خزمایەتێکیشمان هەبوو لە گەڵ هێندێ لە دۆستەکانی باوکم میوانمان بوون، مامۆستا تازە ئەو گۆرانییەی خان باجی لە سەر سەفحە تۆمار کردبوو، باوکم ئەو گۆرانییەی گرتبوو، مامۆستا فەرمووی ئەو خشە خشە چییە گرتووتە ئەوە نییە بۆ خۆم لێرەم بۆت دەلێم ئیتر دایرەکەی دا دەس من و بۆ خۆشی بەو دەنگە ئاسمانییەی تیی هەڵکرد لە خان باجی، ئەوە یەکیک لە بیرەوەرییە خۆشەکانی ژیانمە.
کاتێک لێم پرسی هونەر چ کەڵکێکی بۆ تۆ هەبووە، فەرمووی؛ هونەرەکەی من خۆشییەکەی تەنیا بۆ خەڵک بوو ئەوەش ئارامی و خۆشی بە من دەبەخشێ.
کاک سمایل دوو کوڕی هەیە بە ناوەکانی ناسر و مەنسوور کە هەرکیان تا رادەیەک لە زەرب دەزانن، بەڵام کاک سمایل حەز ناکات ئەوان زەرب لێ دەن. لێرەدا ئەو قسەیەی مامۆستا هێمن¬م دێتەوە بیر کە دەگێرێتەوە کاتڵ باوکم دەفتەری شێعرەکانمی دۆزییەوە و زانی شێعر دەڵێم بە تووڕەیەوە دەفتەرەکەی سووتاند و لە بەر خۆیەوە دەیکۆت شوغڵم بۆ فێر بووە دەیەوێ لە برسان بمرێ. ڕەنگە کاک سمایلیش لەوە بترسێ کوڕەکانی بە هونەرمەندی لە برسا بمرن، چونکە دەزانێ هەر کەس هونەر بەرێتەوە بۆ ماڵەکەی قات و قڕیشی لە گەڵە.
لە کۆتاییدا ناوی ئەو گۆرانیبێژانەی بۆ ئاشکرا کردم کە کاری لە گەڵ کردوون: ۱ـ ڕەشیدی فەیزی نژاد ۲ـ حەسەن دەرزی ۳ـ کەریم بلووری ۴ـ مکائیل ۵ـ تایر خەلیلی ۶ـ مستەفا دادار ۷ـ جەماڵ موفتی ۸ـ سمایل ئاغا ۹ـ سەید محەمەد سەفایی ۱۰ـ سەید عەلی سەردەشتی ۱۱ـ برایم قادری ۱۲ـ عەبە دەڕژێ ۱۳ـ برایم فەتاحی ۱۴ـ عەلی خەندان ۱۵ـ سەلاح خزری ۱۶ـ جەلیل کەبوودوەند ۱۷ـ ئیحسان زیرەک ۱۸ـ توفیق ڕەزایی ۱۹- عەزیم زادە ۲۰ـ عەزیز فروومەند ۲۱ـ ناسر کریمی و…

دسته بندی: فرهنگ و هنر برچسب ها:

به اشتراک بگذارید :

مطلب قبل و بعد
مطالب مشابه

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد