ئەمین گەردیگلانی دەموچاوی لە باڵنجەکە ھەڵچەقاندبوو و ھەنیسک و گریانێکی بێدەنگ گەرووی دەکۆڵی. ئەحمەد بە ھەنگاوە وردیلەکانی دیسان ھاتەوە. ئەویش سەری کردە سەر باڵنجەکە و دەستە نەرم و خرپنەکەی لەسەر پشتەسەری لەچکە تێپێچراوی ئایشێ دانا و دەستی کرد بە گریان. ئەو نەیدەزانی وەک ئایشێ خۆی بخواتەوە و گریانەکە لە ئەوکی خۆیدا بخنکێنێ. بە دەنگی بەرز […]

ئەمین گەردیگلانی

دەموچاوی لە باڵنجەکە ھەڵچەقاندبوو و ھەنیسک و گریانێکی بێدەنگ گەرووی دەکۆڵی. ئەحمەد بە ھەنگاوە وردیلەکانی دیسان ھاتەوە. ئەویش سەری کردە سەر باڵنجەکە و دەستە نەرم و خرپنەکەی لەسەر پشتەسەری لەچکە تێپێچراوی ئایشێ دانا و دەستی کرد بە گریان. ئەو نەیدەزانی وەک ئایشێ خۆی بخواتەوە و گریانەکە لە ئەوکی خۆیدا بخنکێنێ. بە دەنگی بەرز و زیڕەیەکی منداڵانە دەگریا و لە کاسەسەری ئایشێ و لە ژوورە نیوە تاریکەکەدا دەنگی دەدایەوە.
دەسماڵ و پشتێن و کراسەکانی ئایشێ لە بەر دۆڵابەکەدا بڵاو بووبوونەوە.
بە نووکە شەقێکی باوکیان دەرگای ژوورەکە کرایەوە و ڕمووزن ئاسا خۆی پێدا کرد. ئایشێ و ئەحمەد لەگەڵ گوڕەی مێشک تاسێنی باوکیان ھەستان و بە دیوارەکەوە وشک بوون و چاویان لەبەر پێی خۆیان بڕی.
ـ «ھەموو بوونەتە لۆتی و گڕیان گرتووە بۆ شایی. ئێوە لە چی دەگەڕێن. خەڵکی ژن دێنێ ئێوە دەتانەوێ بۆی ھەڵپەڕن. یەکێک نابەڵەد بێ وادەزانێ خوری شۆر کراون ھێندیان لێدراوە. چاوچاو ئەو گریان و ھاوارەیان. بەلای ناخێرم خانەوادەم ھەیە. دایکیشتان وەک خۆتان وایە لێی‌گەڕێی ئێستا خۆ دەگەیەنێتە تالار و سەر چۆپی دەگرێ.»
ـ «ئایشێ سەری ھەڵێنا و چاوی بە فرمێسک خووساوی لەسەر سینگی باوکی گیرسایەوە و نەیوێرا لەوە زیاتری بەرز بکاتەوە و چاو لە چاوی ببڕێ. ھەنیسکێکی دا و بە شێوەیەکی پچڕپچڕ گوتی:
ـ «خە .. ڵ .. کی .. چی، شا .. یی .. خا ڵ .. مە..»
ـ «بێدەنگ بە، سەڵیتە. شایی خاڵمە.»
بە دەم لاسایی کردنەوەوە مۆڕەیەکی لە ئایشێ کرد و بەرەو لای دەرگاکە سەری پێوەنا، بە توندی دەرگاکەی پێوەدا و ڕۆیشتە دەرێ.
ئەحمەد لەبەر پێی ئایشێدا دانیشت و داوێنێ کراسەکەی گرت و کێشای، بە زمانێکی شیرینی منداڵانە گوتی:
ـ «دادە، دانیشتە.»
ئایشێ لە پاڵیدا دانیشت، دەستی بەسەریدا ھێنا و سەری ئەحمەدی بە سینگیەوەنا و ڕوومەتی بە فرمێسک خووساوی خۆی نا بە قژە نەرمەکەی ئەحمەدەوە. دیسان گریان باوەشی گەرم و تەڕی خۆی بۆ کردنەوە.
کاتێک دایکیان ھاتە ژوورێ ھەردووکیان خەویان لێکەوتبوو. ئایشێ بە دانیشتنەوە سەری نابوو بە دیوارەکەوە و سەری ئەحمەدی لەسەر کۆشی دانابوو. چاوە فرمێسکاوییەکەی ئەحمەد و برژۆڵە جووت جووت بووەکانی و ڕوخسارە منداڵانە پاکەکەی دەتگوت بزەیەکی شیرینی گرتووە و بەدەم فریشتەوە پێدەکەنی. دایکیان بێدەنگ چووەدەرێ و دەرگای ژوورەکەی پێوەدایەوە.
کاتێک ئەحمەد خەبەری بۆوە سەری لەسەر کۆشی دادی بوو. ژوورێکی تاریک باوەشی لە جەستەی ھەردووکیان وەرھێنابوو. ھەستا گڵۆپی ژوورەکەی ھەڵکرد. بە قرتەی کلیلی برقەکە و شۆقی گڵۆپەکە ئایشێ خەبەری بۆوە و چاوی ھەڵێنا. ئەحمەد بە ھەڵاتن خۆی خستە باوەشی دادی و گوتی:
ـ «دادە مەگری، ئەگەر من گەورەبووم دەتبەم بۆ شایی.»

دسته بندی: جامعه, فرهنگ و هنر برچسب ها:

به اشتراک بگذارید :

مطلب قبل و بعد
مطالب مشابه

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

- کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است
- آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد